ئەم ئاشتی و پێكەوەژیانە بەرهەمی خەباتی خوالێخۆشبوو مەلا مستەفا بارزانی -یە ... ((مەتران رەبان))
مەتران رەبان هەروەها گوتی: لە ساڵی 2005 پاپا یوحنا پۆلس كاتێك پێشوازیی لە سەرۆك بارزانی كرد لە فاتیكان، زۆر بە ئیعجابەوە باسی پێكەوەژیان و ئاشتی كوردستانی كرد و رۆڵی سەرۆك بارزانی لەسەر ئەم پرسە بەرز نرخاند، لەم روانگەیەوە ئێمە كاتێك باسی رۆڵی سەرۆك مسعود بارزانی دەكەین، پیاهەڵدان بۆ سەرۆك ناكەین، هەروەها باسی شتێكیش ناكەین كە بوونی نەبێت، ئەوەی ئێمە باسی دەكەین، واقیعە و هەموو جیهان بە چاوی خۆی دەیبینێت، سەرۆك بارزانی بە هەموو پێكهاتەكانی كوردستانی راگەیاندووە، یان ئەوەتا هەموو پێكەوە لەسەر ئەم خاكە بە سەربەرزی و ئاشتی دەژین، یان هەموومان پێكەوە دەمرین، ئێمە كاتێك سەردانی بەڕێز سەرۆك بارزانی -مان كرد لە بەرەكانی شەڕ، راشكاوانە پێی وتین ئێوەی كریستیان لە سەر خاكی خۆتان دەژین و كوردستان نیشتمانی هەموومانە، بۆیە دەبێت هەموومان، یان سەربەرزانە لەسەر ئەم خاكە بژین.
شايانى باسه رەبان هەروەها گوتی: ئەگەر سەرۆك بارزانی نەبوایە حاڵی كوردستان و بەتایبەتیش كریستیانەكان لە بەشەكانی دیكەی عێراق باشتر نەدەبوو، لەبەر ئەوەی تیرۆریستان رەحم بە هیچ كەسێك ناكەن، بەڵام ئەوە ماوەی ساڵێك زیاترە نەك هەر تەنها كریستیان، بەڵكو تەنانەت عەرەبیش لەم وڵاتەن و هەمووش سەربەرزانە پێكەوە دەژین. هەروەها لەمانگی 8 و 9ی ساڵی 2014 دوو كاردیناڵ كە نوێنەری پاپا بوون لە فاتیكانەوە سەردانی كوردستانیان كرد، سەردانی ئاوارەكانیان لە عەینكاوە و دهۆك كرد، هەروەها ئێمە بردمانن سەردانی رێكخراوی خێرخوازی بارزانی نەمریان كرد و بینیان چۆن ئەو رێكخراوە بەبێ جیاوازی هاوكاری هەموو ئاوارەكانی كوردستان دەكەن، ئەوان زۆر بەو پێكەوە ژیانە ئاشتییەی كوردستان سەرسام بوون. لەمەدا مەبەستم ئەوەیە ئێمە دەستكەوتی زۆرمان بەدەست هێناوە، ئێستا كاتی ئەوەیە ئارام بگرین و ئەو دەستكەوتانە بپارێزین، ئەمڕۆ هەموو جیهان دەستی خستۆتە ناودەستی سەرۆك بارزانی، كاتی حزبایەتی كردن نییە، كاتی پیادەكردنی كوردستان، یان نەمانە.
لە كۆتایی قسەكانیدا مەتران گوتی: ئەم ئاشتی و پێكەوەژیانە بەرهەمی خەباتی خوالێخۆشبوو مەلا مستەفا بارزانی -یە، هەروەها سەرۆك مسعود بارزانی درێژەپێدەری هەمان رێبازی مەلا مستەفا بارزانی-یە، بۆیە گرنگە ئێمە هەموومان گرنگی بەو رێباز و فەلسەفە و فیكرە بدەین و بیكەینە بناخەی پەروەردەی كۆمەڵایەتی بۆ كوردستانییەكان بە هەموو پێكهاتەكانیەوە، بە موسڵمان و ئێزیدی و كریستیان، هەروەها بە كورد و توركمان و كلد و ئاشوورەوە، بۆ ئەوەی هەموومان وەك برا پێكەوە بژین، جوانی كوردستانیش ئەم پێكەوەژیانە برایانە و ئاشتییانەیە.
بۆ خوێندنەوەی ئەم بابەتە لە گۆڤاری گوڵان ژمارە(1035)
