ساڵح موسلم: پارتی چەکێکی زۆری پێداوین و داوای جیابوونەوەش ناکەین

ساڵح موسلم: پارتی چەکێکی زۆری پێداوین و داوای جیابوونەوەش ناکەین
ساڵح موسلم، هاوسەرۆکی پارتی یەکێتی دیموکراتیک (پەیەدە) ئاشكرای کردوە، کە چەک و پێداویستی سەربازی لە رێگەی بازاڕی رەش و هێزە کوردییەکان و هێزی پێشمەرگەی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان دەگاتە دەستییان.

لە بەشی سێیەمی دیامانەکەی لەگەڵ رۆژنامەی حەیاتی عەرەبی، هاوسەرۆکی پەیەدە دەڵێت ”چەک لە رێگەی بازاڕی رەش و گرووپە کوردییەکان و هێزی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستانی عێراق و پارتی دیموکراتی کوردستان، کە لە رووی چەکەوە زۆر هاوکاری کردووین و بەپێی توانا چەکی بۆ رەوانە کردووین، زۆرێک لە چەکی شەڕڤانان لەرێگەی بازاڕی رەشەوە پەیدای دەکەین.

ساڵح موسلم ئاشکراشی دەکات، کە لە رێگەی رێکخراوە خێرخوازییەکانی ئەوروپا پێداویستیان بۆ دابین کراوە، باس لەوەش دەکات ”پێویستیمان بە هاوکاری زۆر گەورە نییە، چونکە ئێمە چەک نادەینە هێزەکانی پاراستن بەشێوەیەکی گشتی. بەڵام بەهۆی بارودۆخەکەوە، مووچە بە ئاسایش دەدەین، ئێستا مووچە دەدرێتە ئەو کارمەندانەی ئاسایش کە خاوەن خێزان، مووچەکە زۆر کەمە، بەشێوەیەکی مەمرە و مەژییە“.

لەبارەی قەرەبووکردنەوەی خێزانی شەهیدەکانیش دەڵێت ”دامەزراوەیەکی تایبەت بە خانەوادەی شەهیدەکانی رۆژئاڤا هەیە، کە لەرێگەی ئەو هاوکاریانەی بەدەستی دەکات، بەهانای هەندێک ماڵباتی شەهید دەچن. پاڵپشتیکردنی دارایی پێویستە، بەڵام ئەوەی لە گەلی خۆمانەوە پێمان دەدرێت بەسمانە، گەلی کورد تەقسیری لەگەڵ نەکردووین، دۆستانمان لە باشوور و باکوور و رۆژهەڵاتیی کوردستان لە ماوەی رابردوو هاوکاریان کردووین.

لەبارەی پەیوەندییەکانیان لەگەل رژێمی بەشار ئەسەد، موسلم دەڵێت ”ئێمە هیچ پەیوەندییەکی سیاسیمان لەگەڵ رژێم نییە. ئەوان باسیان لەوەکردووە کە لە کۆبانێ هاوکارییان کردووین، خۆم خەڵکی کۆبانێم یەک فشەک هاوکاری نەکردووین. لە حەسەکەش هاوکاری نەکردووین. بەشداریشمان لە کۆنگرەی مۆسکۆ بۆ یەکخستنەوەی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا بووە، بۆ دۆزینەوەی چارەسەری. بە نموونە، هەندێک لە خەڵکی گلەیی هەبوونی رژێم لە قامیشلۆمان لێدەکەن. هەبوونی رژێم بەوشێوە کەوکراوە لە قامیشلۆ هاوکارمان دەبێت، لەلایەک فڕۆکەخانەکە بەوشێوەیە کار دەکات کە خەڵکی سڤیل دەتوانن بچن و بێن و خەڵکی ناوچەکەش بۆ گواستنەوەی کەلوپەل و گەشتەکانیان بەکاری دەهێنن. دەروازە سنوورییەکش چەند پۆلیسێکی سەر بە رژێمی لێیە، کە هیچ لەسەر ئەرزی واقع ناگۆڕن، بەڵام ئەوان شەرعیەت بەو دەروازە سنوورییە دەدەن لەبەردەم نەتەوە یەکگرتووەکان، بەوهۆیەشەوە هاوکارییە مرۆییەکان لەو دەروازە سنوورییە دەگات. ئەگەر ئەو پۆلیسانە لەسەر دەروازەی سنووری نسێبین و قامیشلۆ نەبوونایە، یاخود لە چوارگۆشە ئەمنیەکە نەبوونایە، هاوکاری نەتەوە یەکگرتووەکان نەدەگەیشتە خەڵک. ئێمە داوای جیابوونەوە ناکەین. بۆ ئەوەش شەڕی رژێم ناکەین، لایەنێکی دیکە فەرمانمان لەسەر بکات ئەوە بکە و ئەوە بکە، بیر لە بەرژەوەندی گەلمان دەکەینەوە، ئەوەش دەکەین کە لەبەرژەوەندی ئەو بێت“.

سەبارەت بە پێشنیارەکانی بۆ داهاتووی سووریا هاوسەرۆکی پەیەدە دەڵیت ”پێشنیاری ئەوە دەکەین، کە سیستەمی حوکم لە سووریا لامەرکەزی بێت، کە چەندین هەرێم هەبن و لەنێوانیان هەماهەنگی هەبێت، حکومەت و سووپایەکی ناوەندیش هەبێت بەپێی چەند مەرجێک، سیستەمێکی ئابووری ناوەندیش هەبێت“.








باسنيوز
Top