دەزگای خێرخوازیی بارزانی كاروانێك هاوكاریی گەیاندە سەر چیای شنگال
دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە شێوەیەكی بەردەوام بەهانای خێزانە پەنابەر و ئاوارەكانەوە دەچێت و پێداویستییەكانیان بۆ دابین دەكات، بە تایبەتی پەنابەرانی ئێزدی لەسەر چیای شنگال، كە پێویستییەكی زۆریان بە هاوكاریی جۆراوجۆر هەیە، لەو میانەیەیشدا تیمێكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی كاروانێك لە خۆراك و پێداویستیی منداڵانیان گەیاندە سەر چیاكە و بەسەر 550 منداڵی پەنابەری ئێزدیدا دابەشیان كرد، هاوكارییەكانیش بریتی بوون لە (شیر و دایبی و جلوبەرگی منداڵی تازەلەدایكبوو لەگەڵ دەرمانی خاوێنكردنەوە و شامپۆ و سابوون و تایت).
ئەم هەڵمەتەی دەزگای خێرخوازیی بارزانی درێژەپێدەری هەڵمەتەكانی پێشوویەتی كە بە شێوەیەكی بەردەوام لە كێشە و پێداویستییەكانی پەنابەرانی سەر چیاكە دەكۆڵێتەوە و خۆراك و پێداویستییەكانیان بۆ دابین دەكات. لەو میانەیەیشدا (مووسا ئەحمەد) جێگری سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی رایگەیاند: "دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە شێوەیەكی بەردەوام هەوڵ دەدات كەلێن و بۆشایی پەنابەرانی ئێزدی لەسەر چیای شنگال پڕ بكاتەوە و پێداویستییەكانیان بۆ دابین بكات، پێشتریش لە رێگەی هەڵمەتەكانمانەوە، دەیان جار كاروانی هاوكاری و پێداویستی و خۆراك و كەلوپەلی زستانە و سووتەمەنی و خێوەتمان بۆ دابین كردوون و بەردەوامیش دەبین لە دابینكردنی پێویستییەكانی دیكەیان، هەڵمەتی ئەمجارەیش تایبەت بوو بە دابینكردنی خۆراك و پێداویستیی منداڵان كە سەرجەم منداڵانی پەنابەرانی سەر چیاكە سوودمەند بوون كە تێكڕایان 550 منداڵ بوون.
KDP
