هەتا خەڵك لە سەر بنەمای بەرژەوەندیی چینێك، یان ئایینێك، یان ناوچەیەك، ئەندامی حزبە سیاسییەكان بن، ئەوا پرۆسەی دیموكراتی بونیادنانرێت و ئاستەنگی گەورەی بۆ دروست دەبێت

 هەتا خەڵك لە سەر بنەمای بەرژەوەندیی چینێك، یان ئایینێك، یان ناوچەیەك، ئەندامی حزبە سیاسییەكان بن، ئەوا پرۆسەی دیموكراتی بونیادنانرێت و ئاستەنگی گەورەی بۆ دروست دەبێت
لە دیدارێكی تایبەتدا بۆ گۆڤاری گوڵان پڕۆفیسۆر فلیپ شمیتەر تایبەتمەند لە رۆڵی پارتی سیاسی لە پرۆسەی دیموكراتیدا بۆ گوتى: پارتە سیاسییەكان ئامرازێكی سەرەكین لە پرۆسەی بونیادنانی دیموكراتی و پتەوكردن و چەسپاندنی دیموكراتیدا، بۆیە پێویستە جۆرە رێككەوتنێك لە نێوان پارتە سیاسییەكان هەبێت بەوەی چۆن پابەند بن بە رێسای گەمەكەوە، بەڵام لە كاتی پراكتیزەكردن و رەفتاری پارتە سیاسییەكان لەگەمەكەدا، جۆرێكی دیكەیە و ناتوانن ئەو رۆڵە بگێڕن كە پێویستە لە پرۆسەی دیموكراتیدا بیگێڕن. بۆ ئەمە دەتوانیت لە كارەكانی ئادەم جیبۆرسكی بڕوانیت كە لەسەر رەفتاری حزبەكان لە پرۆسەی دیموكراتی هەڵوەستە دەكات و ئاماژەی بەوەكردووە كە ئەو سەردەمە بەسەرچووە و چیتر پارتە سیاسییەكان ناتوانن بەشدار بن و ئەو ئامانجە بەدەست بهێنن كە لە هەردوو سەدەی نۆزدە و بیستدا بەدەستیان هێناوە، یان راشكاوانەتر ناتوانن ئەو ئامانجە بەدیبهێننەوە كە لە دوای جەنگی دووەمی جیهانی بەدەستیان هێناوە.


فلیپ شمیتەر هەروەها گوتی: هەندێ كەس شوێنكەوتەی پارتێكی سیاسین، بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە بە شێوەیەكی تەقلیدی خانەوادەكەی وابەستەی ئەو پارتەن، بەڵام وابەستەبوونی ڕاستەقینە بە پارتێكی سیاسییەوە بریتییە لە باوەڕبوون بە بەرنامە و ئایدیۆلۆژیاكەیەوە، یاخود تێڕوانینی ئەو پارتە بۆ ئایندە. كە پێویستە ئەو تێڕوانینە بە شێوەیەكی گەورە جیاواز بێت لە تێڕوانینی پارتە سیاسییەكانی دیكە. زەحمەتە بۆ من خۆم بخەمە جێی عێراق- ئەگەر گوزارشتەكە ڕاست بێت-كاتێك وڵاتێك لە قۆناغی ڕاگوزەریدا دەبێت، ئەوا پارتە سیاسییەكانی خەسڵەتێكی تایبەتیان دەبێت، بەڵام ئەو وڵاتانەی من شارەزاییم لەسەر یان هەیە، كێشە سەرەكییەكەیان ئەوەیە خەڵكی ئەو وابەستەییان نییە بە ڕابردووەوە، لەبەر ئەوەی زۆربەیان میراتگری پارتی سیاسی بەهێز نەبوون، كەواتە لە سەرەتاوە و لە سفرەوە دەستیان بە پێكهێنانی پارتی سیاسی كردووە، كێشەی دووەم ئەوەیە لە كاتێكدا ئەم كارە دەكەن كە بێ متمانەیەكی گشتی هەیە بە سیاسییەكان و بێ متمانەیەكی گەورە بە پارتە سیاسییەكان هەیە، كەواتە كێشەكە ئەوەیە ئایدیۆلۆژیاكان میسداقییەتیان نییه.

شايانى باسه شمیتەر هەروەها گوتی: دەبێت پارتە سیاسییەكان لە ناو پرۆسەی دیموكراتی بەهێز بن، بەڵام لە سایەی ئەم هەلومەرجەی ئێستادا ناتوانن بەهێز بن، چونكە شتگەلێكی زۆر هەن دەستێوەردان دەكەن. كەواتە پارتە سیاسییەكان ناتوانن بەهێز بن بە چەشنی ئەوەی لە ساتەوەختە هەستیارەكانی بەرەوپێشچوونی دیموكراسی لە ئەوروپا، یان ئەمریكادا بەهێز بوون. من قوتابیم هەن كار لەسەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەكەن لە میسر و تونس و كەسم نییە لە عێراقەوە، كێشەكە لەوێدا ئەوەیە چۆن پارتێكی سیاسی ڕێكبخەیت لە كاتێكدا ئینتیمای سەرەكی ئەو خەڵكە بۆ دەستەبژێرێكە، یان خێڵێكە، بۆیە گرنگە ئەوەمان لەبەرچاو بێت، كە لە تیۆری دیموكراتیدا كاتێك پارتە سیاسییەكان دەتوانن رۆڵی كاریگەر بگێڕن، كە خەڵك بتوانێت وابەستە بوونە سەرەتاییەكان تێپەڕێنن و ئەو قۆناخە ببڕن كە خۆیان لە دەوری چینێك، یاخود ئایینێك، یان بەرژەوەندیی ناوچەیەك ڕێكدەخەن.


لە كۆتایی قسەكانیدا فلیپ گوتی: هۆكاری دروستبوونی پۆپۆلیزم بریتییە لە شكستی ئەدای سیستمی حزبایەتی، واتە كاتێك سیستمی حزبایەتی كاری خۆی ناكات، ئەوا مەیلی دروستبوونی پۆپۆلیزم دێتەئاراوە، ئەمەش هەر تەنها دیموكراسییە نوێیەكان ناگرێتەوە. بەڵكو دیموكراتییەتی پێگەیشتووش دەگرێتەوە، هەروەها دەستەواژەی پۆپۆلیزم لە چەندین وڵاتی جیاوازدا بەكارهێنانی جیاوازی هەبووە. لە ئەمریكای لاتین پۆپۆلیزم دەستەواژەیەكی زۆر بەربڵاوە و پێناسەی پارتی سیاسی بەوە دەكات كە خەڵكی لەسەر بنەمای ناسنامە و ئایین و چین و – هەرچیەك بێت- نایهێننە ناو حزبەكەوە، مەیلی ئەو خەڵكانە بەلای خۆیاندا ڕادەكێشن كە لە سیستمی حزبایەتییەكە ناڕازین، یاخود نوێنەرایەتیان ناكات، ئەویش لەسەر بنەمای ئێمە و ئەوان و باش و خراپ و بەڵێنی نەگونجاو دەدەن و دروشمی بریقەدار بەرز دەكەنەوە و ڕوودەكەنە خەڵكانی ناڕەزا و ئەو كەسانەی بەرژەوەندییەكی تەواو جیاوازیان هەیە.

بۆ خوێندنەوەی ئەم بابەتە لە گۆڤاری گوڵان ژمارە(1035)
Top