رێكخراوی تیرۆریستی داعش هێندەی دژی شیعەیە هێندە دژی دەوڵەتانی رۆژئاوا نییە
رۆبەرت ئەنتۆنيو هەروەها گوتی: ستراتیژیەتی داعش جیاوازە لەم ستراتیژیەتە، چونكە داعش تەنها دژی رۆژئاوا نییە، بەڵكو بەلای ئەوانەوە حكومەتە شیعەكان خاكی سوننەیان داگیر كردووە، حكومەتی شیعە لە عێراق و حكومەتی شیعە لە سووریا، كەواتە داعش گرووپێكی سەربازییە و هەستاوە بە ڕێكخستنی بەرگری سوننەكان لە دژی داگیركردنی شیعە و ئینجا لە دژی پشتیوانی رۆژئاوایە بۆ داگیركاری شیعە.
شايانى باسه رۆبەرت هەروەها گوتی: ستراتیژیەتی داعش بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی خەلافەتی ئیسلامی لە بەشە سوننەكەی عێراق و سووریادا بووە هۆی ئەوەی ئەمەریكا و رۆژئاوا و گرووپەكانی دیكەی ناوچەكە هەوڵ بدەن ئیحتیوای داعش بكەن، بۆ ئەوەی كاریگەری ئەم گرووپە سەربازییە درێژ نەبێتەوە بۆ ناوچە كوردییەكە و هەروەها ناوچە شیعەكەش. ئەوەش هەوڵێكی گرنگ بوو كە لە هاوینی رابردوودا خرایەگەڕ. كەواتە هەڵكشانی داعش وایكرد سەرەتا و پێش هەر شتێك هەوڵی ئیحتیواكردنی بەرفراوانبوونی داعش بدرێت لە ناوچە كوردییەكان و ناوچەی شیعەكاندا. هەروەها نیگەرانییەكانی زیاتر كرد لە بارەی ئەنجامدانی هێرش لە ڕۆژئاوا بە ئیلهام وەرگرتن لە داعشەوە، ئەو هێرشانەش لە شێوەی گورگی تەنیادا دەبن، یاخود ئەوانەی كاریگەرن بە داعش و بە پاڵنەرێكی خودی ئەو هێرشانە ئەنجام دەدەن و بە ناوی داعشەوە ئەنجامی دەدەن.
لە درێژەی قسەكانیدا ئەنتۆنیۆ پاپ گوتی: سەدان كەس لە رۆژئاواوە رۆیشتوون بۆ پشتیوانیكردنی داعش، بەتایبەتی چوونەتە سووریا بۆ ئەم مەبەستە، بەڵام بە بەراورد بەو هەزاران شەڕكەرانەی داعش هەیەتی رێژەیەكی كەمە. ڕاستە ئەوانەی پێیاندەوترێت شەڕكەرە بیانییەكان ژمارەیەكیان بەرەو سووریا و عێراق بەڕێ كەوتوون، بەڵام ژمارەی زۆری شەڕكەرەكانی داعش لە دەوڵەتە دراوسێكانی سووریا و عێراقەوە هاتوون، بەتایبەتی سعودیە خەزێنەیەكی باشە بۆیان. كەواتە زۆرینەی ئەو شەڕكەرانە لە عێراق و سووریا و هەروەها لە دەوڵەتە دراوسێكانی عێراق و سووریاوە هاتوون، بە پلەی دووەم لە باكووری ئەفریقیا و بەتایبەتی لە تونس و هەندێكیان لە لیبیاوە هاتوون، بە پلەی سێیەم ڕۆژئاوا دێت كە بە شێوەیەكی بەراوردكاری ئەوانە ریژەیەكی كەمن كە پشتیوانی داعش دەكەن و دەچنە نێو داعش، كەواتە رۆژئاواش بەشدارە لە چوونی ئەو شەڕكەرانە بۆ ناو داعش.
لە كۆتایی قسەكانیدا پاپ گوتی: گرنگترین میكانیزم بریتییە لە میكانیزمی سیاسی كە شیعە و حكومەتی بەغدا كاری زیاتر بكەن بۆ ئاوێتەكردنی سوننەكان لە ئاستی سیاسی. بۆ چەندین ساڵە حكومەتی شیعە لە بەغدا بەرهەڵستی دابەشكردنی داهاتی كردووە لەگەڵ پێكهاتەی سوننەدا، بۆ چەندین ساڵە ڕێگەی لە چەكداركردنی خێڵە سوننەكان گرتووە بۆ ئەوەی بتوانن لە دژی شەڕكەرانی داعش بەرگری لە خۆیان بكەن. حكومەتی بەغدا دەتوانێت كاری زیاتر بكات بۆ ئاشتكردنەوەی فەرماندە سەربازییەكانی پێشووی حزبی بەعس، كە ئێستا چوونەتە پاڵ داعش، بەڵام هیچ ئیلتیزامێكی ئایینییان بەرامبەر داعش نییە. كەواتە دەكرێت كاری زۆر باش ئەنجام بدرێت، ئەگەر حكومەتی شیعە لە بەغدا هەڵوێستی هاوكاری و لە خۆگرتن بگرێتەبەر لە ئاست سوننە، بەڵام تا ئێستا هەر لە سەر ئاستی گوتار بووە، لە كاتێكدا ڕەفتارەكانیان زۆر خراپ بووە لە ئاستی سوننەكاندا.
بۆ خوێندنەوەی ئەم بابەتە لە گۆڤاری گوڵان ژمارە(1035)
