بەرهەم ساڵح: پێویستە کورد، تورک، عەرەب و ئیران ھاوکار بن بۆ ڕووبەڕووبونەوەی داعش
لە پەیامەکەیدا، بەرهەم ساڵح داوا لە لە پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکپارتی)ی دەسەڵاتداری تورکیا و پارتی دیموکراسی گەلان (ھەدەپە) دەکات برەو بدەن بە پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا، پێشیوایە لە بری ئەم شەڕ و تەنگژەیە، پێویستە گەلانی کورد، تورک، عەرەب و ئێران ”ھاوکاربن بۆ رووبەڕووبوونەوەی مرۆڤکوژانی داعش“.
شەوی هەینی 24ـی تەمموز و رۆژی دواتر، فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا بنکە و بارەگاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)یان لە سنوورەکانی قەندیل و پارێزگای دهۆک بۆردوومانکرد.
دەقی پەیامەکەی بەرھەم ساڵح
لێدانی بنکەکانی (پەکەکە) مایەی نیگەرانیە و کارێکی ناڕەوایە و پێچەوانەی بەرنامەی ئاشتی و چارەسەری دیمکراسیە. کێشەی ڕەوای گەلی کوردستان بە سەلماندنی ماف و بە ڕێگەی ئاشتی چارەسەر دەکرێت. ھەرگیزاوھەرگیز چەک و زەبروزەنگ ئیرادەی ئازادیخوازی گەلی کوردستانی پێ لەناونابرێت. ئەمڕۆ، لە بری ئەم شەڕ و تەنگژەیە، پێویستە گەلانی کورد و تورک و عەرەب و ئیران ھاوکار بن بۆ ڕووبەڕووبونەوەی مرۆڤکوژانی داعش.
لە کاتێکدا پێویستە ئەم ھێرشانەی تورکیا ڕابگیرێت، ھیوادارین (پکک) بە پشووی شۆرشگیرانەوە دانبەخۆیدا بگرێت، و ھەروەھا (ئاکپارتی) و (ھەدەپ) برەو بدەن بە پرۆسەی ئاشتی و بوارنەدەن شەڕەنگێزان ناوچەکە بەرەو کارەسات و وێرانی بەرن.
لەم سەردەمە ئاڵۆزە، لە دووڕیانی گۆڕانکاریەکانی ڕۆژھەڵات و ڕیزبەندی نوێی ھێزەکان، بۆ ڕێگری لە پیلانی دووبارەکردنەوەی مێژووی چەوسانەوە و نەھامەتیمان، پێویستمان بە بەکریزی گەلی کوردستان، و ھاوکاری گەلانی ناوچەکەیە، بۆ ڕووبەرووبونەوەی شەڕەنگێزی و بۆ پشتیوانی پرۆسەی ئاشتی و چارەسەری دیمکراسی و دابینکردنی مافە نەتەوایەتیەکانی گەلی کوردستان.
ئەم ڕووداوانە زەنگە بۆ ئەگەر و مەترسیەکانی ئێستا و داھاتوومان، ئاماژەیە بۆ ھەوڵی بەربەستکردنی ھەڵکشانی بزاڤی دیمکراسی و ئازادیخوازی کورد. لە ڕووی ئەم پیلان و ھەڕەشانە، بە دۆخی ئالۆزکاوی سیاسی و ناکۆکیەکانی ناوخۆمانەوە، بەم بارگرانی قەیرانی ئابووریەوە، ئەرکەکانی پاراستنی ھەرێمی کوردستان و پشتیوانی نەتەوەیی سەخت و دژوارترە. بۆیە پێویستە قەیرانی ئەمڕۆی حوکمڕانی کوردستان چارەسەر بکەین بە چاکسازی و ڕێکخستەوەی نێو ماڵی خۆمان و بە چەسپاندنی دیمکراسی و دادپەروەری، و بە یەکخستنی ھەڵویست و تواناکان لە ڕووی ھەڕەشەکانی ئەمنی قەومی کوردستان.
باسنیوز
