ڕاگەیەندراوێک لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان

ڕاگەیەندراوێک لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بەیاننامەیەک لەسەر بۆردوومانکردنی بارەگاکانی پەکەکە لە باشووری کوردستان لەلایەن تورکیا بڵاودەکاتەوە و، تێیدا ئاماژە بە پەیوەندی تەلەفۆنیی نێوان مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و داوودئۆغڵو، سەرۆکوەزیرانی تورکیا دەکات کە باسی پەرەسەندنی رەوشەکەیان کردووە.

وەک لە بەیاننامەکەدا هاتووە بارزانی لەرێگەی تەلەفۆنەوە بە داودئۆغڵوی راگەیاندووە کە " ساڵانێک گفتوگۆکردن باشترە لە کاتژمێرێک شەڕکردن".

دەقی بەیاننامەکە..

شەوی رابردوو سوپای تورکیا بارەگاکانی PKKـی لەچەند ناوچەیەکی هەرێمی کوردستان بۆمبباران کرد، دوای ئەو بۆمببارانکردنە ، کاژێر٩:٣٠ خولەکی پێشنیوەڕی ئەمڕۆ شەممە ٢٥ـی٧ـی٢٠١٥، بەڕێز ئەحمەد داوودئۆغڵو، سەرۆکوەزیرانی تورکیا، لە رێگەی تەلەفۆنەوە پەیوەندیی بە بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە کرد و بەدرێژی باسی رەوشەکەی کرد و هۆی گەییشتنی دۆخەکەی بۆ ئاستی ئەو پەرەسەندنەی ئێستا ڕوونکردەوە.

لە بەرانبەردا سەرۆک بارزانی دڵگرانیی خۆی نیشان دا کە ڕەوشەکە گەیشتۆتە ئەم ئاستە مەترسیدارە و جەختیشی کردەوە کە زۆر داوایان کرد کێشەکان نەگەیەندرێنە ئاستی گرژیی زیاتر، چونکە ئاشتی تاکە ڕێگەی چارەسەری کێشەکانە و ساڵانێک گفتوگۆ باشترە لە یەک سەعات شەڕکردن، بۆیە هەرێمی کوردستان هەموو هەوڵێک دەدات ڕەوشەکە لەوە زیاتر تەشەنە نەکات و گەڕانەوە بۆ پرۆسەی ئاشتی باشترین ڕێگەیە بۆ چارەسەر.

سەرۆک بارزانی هەروەها تەئکید دەکاتەوە کە پێشتر هەموو هەوڵێکی خۆی بۆ سەرگرتنی پرۆسەی ئاشتی لەگەڵ هەموو لایەنەکان خستۆتەگەڕ و ئێستاش هەرچی لە توانایدا بێت بۆ نەهێشتنی ئەم گرژییە دەیخاتەگەڕ و ئومێدەوارە هەموو لایەک بگەڕێنەوە بۆ بنەماکانی پڕۆسەی ئاشتی.

سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان
٢٥ـی٧ـی٢٠١٥
Top