مەحموود عوسمان: فرۆشتنی نەوتی هەرێم بە شێوەی سەربەخۆ، بووەتە واقیع
(د. مەحمود عوسمان) ئەندامی خولی پێشووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و سیاسەتمەداری كورد، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی گوت: "باڵیۆزی ئەمەریكا بەردەوام هاتوچۆ لە نێوان هەرێم و بەغدادا دەكات لەبارەی كێشەی نێوانیان و، ئەمەریكا بەردەوام هەوڵی چارەكردنی كێشەی نێوانیان دەدات، بەڵام نازانم تا چەند هەوڵەكانیان ئەنجامی دەبێ".
(مەحمود عوسمان) گوتیشی: "فرۆشتنی نهوتی ههرێم واقیعێكە، لەبەر ئەوەی بەغدا سەرەڕای ئەوەی هەرێم نەوتی دەداتێ، پارەی كەمی بۆ رەوانە دەكات، بۆیە هەرێم ناچارە پارە پەیدا بكات و پارەیش بە فرۆشتنی نەوت پەیدا دەبێت".
ئەو سیاسەتمەدارەی كورد دەیشڵێت، هەرێمی كوردستان هیچ رێگەی دیكەی نەبووە، بۆیە نەوتی خۆی فرۆشتووە و ئەنجامی فرۆشتنی نەوتیش دواتر بەدەردەكەوێ.
(مەحموود عوسمان) ئەوەیشی خستە ڕوو، رەنگە بەغدا سكاڵا لەسەر هەندێك كۆمپانیای نەوت تۆمار بكات، ئەوانەی نەوتی هەرێم دەكڕن، بەڵام فرۆشتنی نەوتی هەرێمی كوردستان بە شێوەی سەربەخۆ بووەتە واقعێك و ئەوەی ئەوان زیاتر ناڕازی بوون كە هەرێم نەوتی كەركووك دەفرۆشێت، ئەگەر نا لەلایەن زۆرینەی ئەوانەی بەغدایش ئەو فرۆشتنە بووەتە واقعێك".
