فراكسیۆنی پێشكەوتووی توركمانی: ناكرێ موزایەدە بە پرسی سەرۆكی هەرێمەوە بكەین تا ئیمتیاز وەربگرین
(مونا قەهوەچی) سەرۆكی فڕاكسیۆنی پێشكەوتووی توركمانی لە پەرلەمانی كوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "شاندی پارتیی دیموكراتی كوردستان سەردانی لایەنە سیاسییەكانی توركمانی كرد سەبارەت بە چارەكردنی پرسی سەرۆكایەتیی هەرێم و، توركمانەكانیش لەگەڵ ئەوەدا بووین پرسی سەرۆكایەتیی هەرێم لە دەرەوەی پەرلەمان و بە سازان یەكلا بكرێتەوە، چونكە پرسێكی گرینگە و پەیوەستە بە ڕەهەندی نشتیمانی و دەبێت خەڵكی كوردستان بڕیار لەسەر ئەو پرسە بدەن، ئەگەریش نەگەییشتن بە رێككەوتن، ئەوا توركمانەكان داوا دەكەن ڕیفراندۆم ئەنجام بدرێت بۆ یەكلاكردنەوەی پرسەكە، كە ئایا لە پەرلەمان هەڵبژێردرێت یاخود لە ناو خەڵكدا، بۆیە وەكو فڕاكسیۆنەكانی توركمانی رەتی دەكەینەوە داوای جێگری سەرۆكی هەرێممان كردبێت، چونكە ئێمە نابینە كێشە بۆ حیزب و لایەنە سیاسییەكانی كوردستان".
(قەهوەچی) گوتیشی: "ناكرێ ئێمە موزایەدە بە پرسی سەرۆكی هەرێمەوە بكەین تا ئیمتیاز وەربگرین ئینجا لەگەڵیدا بین، ئەمە هەڵوێستێكی نشتیمانییە نەك هەڵوێست و بەرژەوەندیی كەسی."
KDP.info
