لە رۆژانی جەژندا 6 رووداوی هاتوچۆ لە سلێمانی روویانداوە
رووداوەکانی ھاتووچۆ لە رۆژانی جەژندا بەشێوەیەکی بەرچاو روویان لە ھەڵکشانە تەنیا لە پارێزگای سلێمانیشدا ٦ رووداوی ھاتوچۆ روویان داوە کە بەھۆیەوە ٨ کەس بریندار بوون ٣ کەسیش گیانیان لەدەست داوە، شۆفێرانش پێیان وایە قەرەباڵغی شەقامەکان و تیژەڕەوی ھۆکاری سەرکی رووداوەکانن.
بەرێوەبەرایەتی ھاتوچۆی ھەرێمی کوردستان بۆ رۆژانی جەژن پلانێکی چڕی داڕشت تاوەکو کەمترین رووداوی ھاتۆچۆ رووبدات، چونکە لە بۆنەکاندا رێژەیەکی بەرچاو لە ئۆتۆمبێل روو لە شەقامەکان دەکەن و ھەندێک لە شۆفێرەکانیش پابەندی رێنمایەکانی ھاتوچۆ نابن.
کاروان محەمەد، گوتەبێژی ھاتوچۆی سلێمانی دەڵێ " ھۆکارەکان وەک ھەمیشە گوتومانە خودی مرۆڤ، خراپی رێگەوبان، نەبوونی مەرجی توندوتۆڵین، بۆیە ھەمیشە رێنمایەکانمان بۆ شۆفێران ئەوەیە پابەندی رێنمایەکانی ھاتووچۆ بن".
وەک بەڕێوبەرایەتی ھاتوچۆی دھۆک باسی دەکەن ھیچ رووداوێکی ھاتووچۆ لەو پارێزگایەدا لە رۆژانی جەژندا روویان نەداوە، بەڵام لە پارێزگای ھەولێردا ٣ رووداوی ھاتوچۆ روویانداوە کەبەھۆیانەوە ١٣کەس بریندار بوون ٣ کەسیش گیانیانی لە دەست داوە.
