محەممەد حەسەنەین هەیکەل: کوردیش مافی خۆیەتی دەوڵەتی هەبێت
ئەو قسانەی هەیکەل وەک ریکلام بۆ هەڤپەیڤینەکەی بڵاوکراوەتەوە ، کە ئەمڕۆ سێشەممە لە رۆژنامەی سەفیری لوبنانی هەڤپەیڤینەکە بڵاودەبێتەوە، هەیکەل دەشڵێ " ئایندەی سیاسی و کۆمەڵایەتی میسر روون نییە بەکوێ دەگات و چی بەسەردێت، میسر ئێستا ژێرخانی ئابووری زۆر خراپە، سیستەمی پەروەردە و خوێندنی وێرانبوووە و سەرتاپای میسر بووە بەقەیران و گەیشتن بە قۆناغی دەربازبوونیش لەو قەیرانانە ئەستەمە".
محەممەد حەسەنەین هەیکەل، کە بە نزیک لە حوسنی موبارەک ناسراوە، گوتیشی:" لادانی حوسنی موبارەک و هاتنەسەر حوکمی مورسی، هەردووکیان بە دڵ و خواستی بەشێکی میسرییەکان بووە و بەشەکەی دیکەی میسرییەکان حەزیان بەوە نەکردووە، موبارەک لابچێت و مورسی بێت، بەڵام ئەوە سیاسەتە و روویدا".
نووسەر و رۆژنامەڤانی بەناوبانگی میسر لە هەڤپەیڤینەکەیدا ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەو گۆڕانکاریانەی ئێستا لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست روودەدەن بەتایبەت گۆڕانکاری سیاسی لە سووریا، دەرفەت دەڕەخسێنێت بۆئەوەی سووریا و عێراق دابەشببن و هاوکات کوردیش وەک نەتەوە مافی خۆیەتی ببێتە دەوڵەت و پارێزگاری لە زمان و کولتووری بکات، بۆیە پێشبینی دەکەم ئەوەش رووبدات".
بەشێک لە دیمانەکەی هەیکەل تەرخانکراوە بۆ رێککەوتنی ئێران و وڵاتانی 5+1 و سعودیە و ئیسرائیل و لەبارەی ئۆباماش هەیکەل دەڵێ " ئەو، گوتاربێژێکی سەرکەوتووە، بەڵام سەرۆکێکی لاوازە".
رووداو
