پەرلەمانتارێک وەڵامی “کۆنە بەعسییەک” دەداتەوە

پەرلەمانتارێک وەڵامی “کۆنە بەعسییەک” دەداتەوە
پەرلەمانتارێکی کوردستان وەڵامی وەفیق سامەڕایی دەداتەوە و رایدەگەیەنێت، کە وەفیق “وادەزانێت میللەتی کورد ئەو سیخوڕە ناناسێت و رابردووەکەیان بیرچۆتەوە”.

فەرحان جەوهەر، پەرلەمانتاری پارتی دیموکراتی کوردستان، رایدەگەیەنێت، کە وەفیق سامەڕایی “لێمان بۆتە دیموکراسخواز و چارەسەربۆ ھێزو لایەنە سیاسییەکانی کوردستان دیاری دەکات، لە ژێرپەردەی خۆ نواندنێکی درۆزنانە، ژەھرە کۆنەکەی دەڕێژێت و ھەرچی رق و کینەی کۆنی بەعسییەکانە بەرامبەر بە سەرۆک بارزانی دەیڕێژێت”.

وەفیق سامەڕایی، ئەفسەری باڵای پێشووی هەواڵگریی رژێمی بەعس، کە لە نەوەتەکانی سەدەی رابردوو لە رژێم جودابووە و روویکردە هەرێمی کوردستان و دواتر چووە ئەوروپا، رۆژی یەکشەممە رایگەیاندبوو، کە مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان تاکڕەوە و دژی بەرژەوەندییەکانی گەلی کورد و عێراقییەکانە.

بە گوتەی ئەو پەرلەمانتارە، وەفیق سامەڕایی، کە راوێژکاری جەلال تاڵەبانی، سەرۆک کۆماری پێشووی عێراق بوو، “بە خەیاڵی ئەوەی دەتوانێت لە شان و شکۆی بارزانی کەمکاتەوە”، هێرشدەکات.

فەرحان جەوهەر ئاشکرایدەکات، کە سامەڕایی بەهۆی دژایەتی بەعس عێراقی جێنەهێشتووە، بەڵکو “بەھۆی ئەوەی عودەی لێی دا”، لە رژێمی بەعس جیابووەوە و “ئێستاش بۆ ئەوەی ھەندێک لە سیاسییەکانی بەغدا بخەڵەتێنێ، ھێرش دەکاتە سەر بارزانی”.

ئەو پەرلەمانتارە پێیوایە وەفیق سامەڕایی بۆ دەستخۆشانە لەلایەن مالیکییەوە، دژی بارزانی دەنووسێت.

فەرحان جەوهەر دژایەتی سامەڕایی بۆ بارزانی بە “شانازی” دەزانێت و باس لەوەدەکات، کە ئەوانەی لە بارزانیش “نیگەرانن”، بە نووسینەکەی ئەو و “هەموو وەفیقەکانی دیکە، لە گرنگی رۆڵی سەرۆک بارزانی تێدەگەن”.

ئەو پەرلەمانتارەی پارتی ئاماژەی بەوەشکردووە، کە وەفیق سامەڕایی بۆ ئەوە “دەگریێ”، کە عێراق لە پایزی تەمەنییەتی و “ئەگەر ململانێی سیاسیشمان ھەبێت و کە ھەمانە، بەلاڕیدا ناچین و کێشەکەمان لە دەستێکی ئەمیندایە”.









باسنيوز
Top