پەیوەندییەكانی نێوان گەلی كوردستان و گەلی ئەڵمانیا بە دۆستانە و نموونەیییە
ئەمڕۆ چوارشەممە لە سەڵاحەددین (مەسعوود بارزانی) سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە (دیتەر لاملێ) كۆنسووڵی ئەڵمانیا لە شاری هەولێر كرد.
لە دیدارەكەدا كە كۆنسووڵی ئەڵمانیا بە بۆنەی كۆتایهاتنی ئەركەكانی و ماڵئاوایی سەردانی (سەرۆك بارزانی) كردبوو، جەختی لە پەیوەندییەكانی نێوان گەلی ئەڵمانیا و گەلی كوردستان كردەوە و باسی ئەو پڕۆژە و وەبەرهێنان و چالاكییانە كرد، كە كۆمپانییاكانی وڵاتەكەی لە بواری ئابووری و پزیشكی لە هەرێمی كوردستان ئەنجامیان داوە و، ئەوەیشی خستەڕوو كە وڵاتەكەی لەتەك هاوكارییە سەربازی و مرۆڤییەكان ئامادەیە لەگەڵ هەرێمی كوردستان پەرە بە پەیوەندییەكانی بدات لە بواری جۆراوجۆردا.
لەبەرانبەردا (سەرۆك بارزانی) تیشكی خستە سەر پەیوەندییەكانی نێوان گەلی كوردستان و گەلی ئەڵمانیا و ئەو پەیوەندییانەی بە دۆستانە و نموونەیی وەسف كرد. هەروەها سوپاسی گەل و حكوومەتی ئەڵمانیایشی كرد كە لە شەڕی دژی تیرۆریستاندا هاوكاریی كاریگەریان پێشكەشی هێزی پێشمەرگەی كوردستان كردووە. داوایشی كرد پەیوەندییەكانی نێوان هەردوولا فراوانتر بكرێت و ئەڵمانیا یارمەتیی هەرێمی كوردستان بدات لە دروستكردنی ژێرخانی پیشەسازیی و كشتوكاڵ.
(سەرۆك بارزانی) هاوخەمیی خۆی بۆ گەل و حكوومەتی ئەڵمانیا ڕاگەیاند بەبۆنەی كۆچی دوایی (فیلیپ میسفێلدەر) سیاسەتمەداری گەنجی ئەڵمانیا و دۆستی نزیكی گەلی كوردستان.
سەرۆك بارزانی هیوای سەركەوتنیشی بۆ (دیتەر لاملێ) خواست لە كار و ئەركەكانی لە داهاتوو.
