سەڵاحەددین دەمیرتاش: پێویستە پەکەکە چەک دابنێت

سەڵاحەددین دەمیرتاش: پێویستە پەکەکە چەک دابنێت
هاوسەرۆکی پارتی دیموکراسی گەلان (هەدەپە) رایگەیاند، کە پێویستە پەکەکە چەک دابنێت، وێڕای ئاماژەکردن بەوەی، کە بەرنامەی ئەوان، دابەشکردن و جیابوونەوە لە تورکیا نییە.

بەپێی ئاژانسی ئەنادۆڵ، سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی هەدەپە و پەرلەمانتاری تورکیا، لە کاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەیەکی کەناڵی خەبەرتورکدا، رایگەیاند، کە ”لە جیاتی ئەوەی سوپای توركیا بچێتە باكووری سووریا با سیاسەتمەدارەكان بچن“.

سەڵاحەدین دەمیرتاش پێیوابوو پاراستنی ئاسایشی سنوورەكانی تورکیا لە سایەی بوونی پارتی یەکێتی دیموکراتی (پەیەدە) لە رۆژئاوای کوردستان، ”ئاسانتر دەبێت“ و بە پێویستیشی دەزانێت، کە پەیەدە ئەوە بزانێت، ”بەبێ توركیا نابێت و پێویستە چارەسەری توركیا و پەیەدە خزمەتی سووریایەكی نوێ بكات“.

هاوسەرۆکی هەدەپە باسی لە بنەماکانی پارتەکەی کرد، بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد لە باکووری کوردستان و تورکیا و رایگەیاند، “بەرنامەی كورد دابەشكردن و جیابوونەوە نییە بەڵكو كورد دەیەوێت كۆتایی بە ناحەقییەكان بهێنرێت، ناڵێن با دەوڵەتێكی جیاواز دابمەزرێنین بەڵكو دەڵین با پێكەوە بژین، بەڵام بازنەی ئازادییەكان زیاتر بكەین“.

دەمیرتاش پێیوابوو بانگەوازی ئەو بۆ ئەوەی پەکەکە چەک دابنێت، ”چارەسەر نییە“، ئەگەرنا ”لە سبەینێوە تا ئێوارە هاوار دەكەین و لێرەدا هاوار دەكەم و دەڵێم پێویستە پەكەكە لە دژی توركیا چەك دابنێت“.












باسنيوز
Top