ژەنەڕاڵ جۆزیف دەنفۆرد : دەوڵەتی كوردی بەدوور نازانم
ژەنەراڵ جۆزیف دەنفۆرد، كە كاندیدە بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆكی ئەركانی سوپای هاوبەشی ئەمریكا، پێشبینی دەكات عێراق دوو دەوڵەتی كوردی و شیعەی لێ دروست ببێت، بەڵام نازانێت چی بەسەر ناوچە سوننەكاندا دێت.
"بەدیدی من دروستبوونی دوو دەوڵەت لە عێراق لە ئارادایە" ژەنەڕاڵ جۆزیف دەنفۆرد لە میانی گفتوگۆیەكیدا لەگەڵ سیناتۆرەكانی لیژنەی خزمەتگوزاریی سەربازی لە كۆنگرێسی ئەمریكا وای گوت.
بەڵام دەڵێت "ئەستەمە عێراق ببێتە سێ دەوڵەت و دەوڵەتێكی سوننەش ببینین، چونكە سوننەكان داهاتێكی دیاریكراویان نییە پشتی پێ ببەستن".
ئەو ژەنەراڵە ئەمریكییە لە وەڵامی سیناتۆرەكاندا بۆ هۆكار و باكگراوندی ئەو پێشبینییەی خۆی، دەڵێت "من راشكاوانە لە دیدی ئابووری و داهات و حوكمڕانییەوە قسە دەكەم. شیعە و كورد شتی زۆریان لەبەردەستە بۆ دروستكردنی دەوڵەتی خۆیان، بەڵام سوننە نا".
لە وەڵامی پرسیاری ئەوەی كە ئایا هێزەكانی پێشمەرگە چەك و تەقەمەنییان بە خێرایی بەدەست دەگات لە بەغداوە، دەنفۆرد گوتی "بە تێگەیشتنی من كێشەی چەك و تەقەمەنی چارەسەركراوە".
دەنفۆرد گوتی ئەگەر پۆستی سەرۆكی ئەركانی سوپای هاوبەشی ئەمریكای پێبدرێت ئەوە خۆی بە شەخسی بەدواداچوون بۆ ئەم كێشەیە دەكات "ئەم كێشەیە زۆر گرنگە و خۆم بە دواداچوونی بۆ دەكەم. خۆم دەچم سەردانی ئەوێ دەكەم و هەڵسەنگاندنی خۆم بۆ ئەو باسە دەكەم، لە راستییەكان دەكۆڵمەوە."
ئیدارەی باراك ئۆباما بەردەوامە لە پشتگیریی یەكێتی خاكی عێراق. چەك و تەقەمەنی لە رێگەی حكومەتی ناوەندی زۆرینە شیعەوە بۆ هێزەكانی پێشمەرگە و ئەو چەكدارە سوننانە دەنێرێت كە لەژێر ناوی حەشدی نیشتیمانی مەشقیان پێدەكرێت.
بەڵام كورد و سوننە رەخنە لە ناردنی چەك لە رێگەی حكومەتی ناوەندییەوە دەگرن و دەڵێن دواكەوتنی گەیشتنی چەك كاتی زیاتر بە داعش دەدات تاوەكو خۆیان رێكبخەنەوە. حكومەتی هەرێمی كوردستان بەردەوام گازندەی ئەوە دەكات كە چەكی پێویستی نییە بۆ شەڕی داعش و چەكەكانی داعش بەهێزترن كە لە كاتی تێكشكاندنی سوپای عێراق لە مووسڵ و ئەنبار و شوێنەكانی دیكە دەستیكەوتوون.
رووداو
