سامانە سروشتیەكان سێ پاڵاوگەی نوێ‌ دروست دەكات

سامانە سروشتیەكان سێ پاڵاوگەی نوێ‌ دروست دەكات
ئەندامێكی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی ئاشكرای دەكات، وەزارەتی سامانە سروشتییەكان سێ پاڵاوگە لە سنووری سلێمانی و هەولێر و دهۆك دروست دەكات، بەڵام زۆر گرنگە پاڵاوگەیەکیش لەو گەرمیان پڕ نەوتەدا دامەزرێنن؛ داواكارییشیان پێشكەش كردووە و داوای پشتگیری لە لایەنە پەیوەندیدارەكان دەكەن.

(د. غالب محەمەد) سەرۆكی لیژنەی پیشەسازی و وزە و سامانە سروشتییەكان لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی بە ماڵپەڕی فه‌رمی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "پڕۆژەیەكی ئاراستەی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی و پەرلەمانی كوردستان كردووە بۆ دروستكردنی پاڵاوگە لە گەرمیان و، بەو مەبەستەش داوا لە هەموو لایەنە سیاسییەكان و ڕێخراوەكانی گەرمیان دەكات پشتی بگرن، چونكە بابەتێكی زۆر گرنكە و پەیوەندیی بە هەموو گەرمیانەوە هەیە."
غالب محەمەد گوتیشی: "ئێستا وەزارەتی سامانە سروشتیەكان بڕیاری داوە پارێزگای دهۆك، سلێمانی و هەولێر، هەر کامێکیان و، پاڵاوگەیەکی لێ دروست بکرێت. هەڵبەت شوێنێکی گرنگی وەکو گه‌رمیانیش، پێویستە گورجوگۆڵ پاڵاوگەیەکی بۆ دروست بکرێت."
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی، ئا وەها باس گرنگییەکەی گەرمیان دەکات:
"یەكەم، گەرمیان نەوتەڵانی بەپیتی لێیە؛ نزیكەی 15 تا 20ملیار بەرمیل نەوتی خاوی هەیە؛ نەوتەكەیشی نەوتێكی سووك و شیرینە و لە هەموو ڕویەكەوە گونجاوە. چیاسورخ، شاكەل یەك، شاكەل دوو، كوردەمیر و، گەرمیان، هەرپێنجەکەیان نەوتەڵانیان لێ دۆزراوەتەوە؛ هەڵبەت نەوتەڵانی نەوتخانەی سنووری خانەقینیش خراوەتە سەر ئیدارەی گەرمیان.
دووەم: گەرمیان دەشتاییە و، جێوڕێی زۆرە بۆ دروستكردنی پاڵاوگە؛ خەڵکەکەیش دەستی كار و توانای مرۆیییان زۆرە.
سێیەم: گەرمیان 550هەزار کەس زایاتریشی لێ دەژیێت؛ خەرجی گازوایل و بەنزین و نەوتی سپی و بەرهەمە نەوتییەكانی دیكەیشیان زۆرە.
چواره‌م: نەوتەڵانەکانی گەرمیان نزیکن لەیەکەوە و، ئاسان دەبەسرێن پێکەوە، خەرجی دانانی لوولەنەوت زۆر نابێت.
پێنجه‌م: خەڵکی گەرمیان، ئەنفال کراون.
رونیشیكردەوە، داواكارییەكان بە پاڵپشتی ئیدارەی گەرمیانە و ئەو ئیدارەیەش هاوڕایە لەگەڵ دروستكردنی پاڵاوگەیەك لە سنوورەكە و بە كارێكی گرنگی دەزانێت بۆ ناوچەكە و، لەبەر ئەو هۆكارانەش داواكارە لە ئەنجومەنی پارێزگایی سلێمانی پشتی ئیدارەی گەرمیان بگرن بۆ دانانی پاڵاوگە لە سنوورەكەدا؛ ئەو كارە باری پارێزگای سلێمانییش سووک دەکاتەوە.
Top