كوردستان ناچارە خۆی نەوتی خۆی بفرۆشێت و داهات بۆخۆی پەیدا بكات
ئەحمەد حاجی هەروەها گوتی: لەم مانگەدا رۆژانە بڕی تەنیا 154 هەزار بەرمیل نەوتی رادەستی سۆمۆ كردووە كە ئەویش 148 هەزار بەرمیل نەوتی كەركوكەو بڕی 6 هەزار و هەندێك نەوتی هەرێمی كوردستانە واتا ئەوەی دەمێنێتەوە بڕی زیاتر له 12 ملیۆن بەرمیلی نەوتی ناردۆته دەرەوه كە لەهێڵی هەرێم فرۆشراوەو رۆژانە دەگاتە 421 هەزار بەرمیل بۆ حیسابی هەرێم فرۆشرا بێت. كەواتە ئێستا كێشەكەی نێوان هەرێم و مەركەز بەو ئاڕاستەیە رۆشتووە: (لەمەودوا كوردستان واپێدەچێت چیتر نەوت رادەستی كۆمپانیای سۆمۆ نەكات لەگەڵ ئەمانەشدا ئامادەیە پشكی هەرێمی كوردستان له بودجەی سیادی و حاكیمە رادەستی حكومەتی عێراق بكات)، بەبڕوای من پێویستمان بەوە هەیە دووبارە پێناسەی فیدڕاڵیەت لەعێراقدا بكەینەوە لەسەر ئەو بنەمایەی بۆ بنەبڕكردنی كێشەی دارایی نێوان حكومەتی عێراق و حكومەتی كوردستان ئێمە تەبەنی ئەوە بكەین خۆمان بۆ خۆمان داهات پەیدا بكەین و پابەندبوونی داراییمان بەرامبەر حكومەتی عێراق نەبێت.
شایانی باسه حاجی هەروەها گوتی: بۆ چارەسەری هەموو كێشەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و عێراق دەبێت دانوستان بكرێت، تەنانەت ئەگەر كوردستان بیەوێت سەربەخۆیی ئابووری بەدەست بهێنین ئەوە دەبێت بەدانوستاندن لەگەڵ عێراق بێت، لەمەش زیاتر ئەگەر بگەینە ئەو ئاستەی وەكو هەرێمێكی سەربەخۆو ئابوورییەكی سەربەخۆش بونیات بنێین، ئەوا هەر لە ڕێگای عێراقەوە دەتوانین مامەڵە بكەین و بە ئاستی سەربەخۆیی ئابووری بگەین. بۆیە بەڕای من دانوستاندن لەم قۆناغەدا تاكەرێگاو چارەسەرە بۆ یەكلاكردنەوەی كێشەكان و گەیشتن بە سەربەخۆیی ئابووری.
لە كۆتایی قسەكانیدا حاجی هەروەها گوتی: ئێمە كێشەو گرفتمان لەگەڵ بەغدا زۆرە، لەوانە كێشەی سیاسی و ئابووری و بەشداری دەسەڵاتی سیاسیی و كێشەی دارایی لەناو كێشە داراییەكانیشدا كێشەی پێشمەرگەو دابین نەكردنی موچە و پێداویستییە سەرەكیەكانی ئەو هێزە نیزامیەمان هەیە، تا ئێستا حكومەتی عێراق ماف و پێداویستیە شایستە داراییەكانی ئێمەی جێبەجێ نەكردووەو بەردەوام لەگفتوگۆداین بۆ چارەسەری ئەم كێشانە، بەڵام دووبارە دەگەڕێمەوە سەر ئەو خاڵەی ئەگەر حكومەتی هەرێمی كوردستان سەربەخۆیی ئابووری بەدەست بهێنێت ئەوا كێشەو گرفتە داراییەكانمان كۆتایی دێت .
بۆ خوێندنەوەی ئەم بابەتە لە گۆڤاری گوڵان ژمارە(1034)
