به چل كۆبوونه‌وه 'سێیەک'ـی ده‌ستوور ته‌واو كراوه
(د. سیروان زه‌هاوى) ئه‌ندامى لیژنه‌ى ئاماده‌كردنى ڕه‌شنووسى ده‌ستوور بۆ ڕاپرسى به ماڵپه‌ڕى فه‌رمیى پارتیى دیمو‌كراتى كوردستانى ڕاگه‌یاند: "تا ئیستا بۆ ئاماده‌كردنى ده‌ستوور 40 جار کۆ بووینەتەوە و، 43 بڕگە (مادده)مان لێ په‌سه‌ند كردووه، کە دەکاتە نزیکەی سێیەکی کارەکە؛ ئەو بەشانە به ته‌واوەتى سازانى له‌سه‌ر كراوە."
(د. سیروان زه‌هاوى) سه‌باره‌ت به پرسى ئایین گوتى: "پرسى ئایین مادده‌ى 11ی ماوه له ده‌ستووردا؛ خۆی چوار بڕگه‌یه و، سێى ته‌واو بووه و، تەنیا یه‌ك بڕگه‌ى لێ ماوه، کە تایبه‌ته به پێگه‌ى ئایین به گشتى و ئایینى ئیسلام به شێوه‌یه‌كى تایبه‌تى له ده‌ستووردا؛ واته پرسى ئایینیش سێچارەکی لێ ته‌واو بووه، له‌سەر ئاخر بڕگەکەیشی، لایەنەکان زۆر لەیەکەوە نزیکن و، پێم وا بێت دواى جه‌ژن ئه‌و بڕگهیشە یه‌كلایی ده‌بێته‌وه، چونكه هه‌موومان جه‌خت ده‌كه‌ینه‌وه كه پێگه‌ى ئایین پێگه‌یه‌كى پیرۆزە و، دەشێ لە دەستووریشدا بپارێزرێت؛ خۆی گشت ئایینه‌كان به تایبه‌تى ئایینى ئیسلام كه ئایینى سه‌دا 95ـى خه‌ڵكى كوردستانە، دەکرێتە سه‌رچاوه‌یه‌كى گرینگ بۆ یاسادانەرانی هه‌رێمى كوردستان و، هەر یاسایەک دەربکرێت، ڕه‌چاوى ئه‌و سه‌رچاوه‌یه دەکرێت؛ بێگومان سه‌رچاوه‌ى تریش هه‌یه، وه‌كو مافى مرۆڤ و دیموكراسی، به‌ڵام بێگومان بنه‌ماكانى دینى ئیسلامیش سه‌رچاوه‌یه‌كى گرینگ ده‌بێت له سه‌رچاوه‌كانى یاسادانان، بۆ دیان (مەسیحى) و ئێزدى و، ئه‌وانى تریش، یاساى بارى كهسێتییەکەیان بە گوێرەی دینەکەی خۆیان ڕه‌چاو دەكرێت."
ئه‌و ئه‌ندامه‌ى لیژنه‌ى ئاماده‌كردنى ڕه‌شنووسى ده‌ستوور بۆ ڕاپرسى ده‌یشڵێت:" دواى پێگه‌ى ئایین ڕاسته‌وخۆ ده‌چینه سه‌ر ماف و ئازادییه ئابوورى و کۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیرییه‌كان، پاشانیش ده‌چینه سه‌ر ده‌سته‌ڵاته‌كان."
