تاكە هێزێك بتوانێت لەسەر زەوی شەڕی تیرۆریستانی داعش بكات هێزی پێشمەرگەیه

تاكە هێزێك بتوانێت لەسەر زەوی شەڕی تیرۆریستانی داعش بكات هێزی پێشمەرگەیه
جیم هێك دامەزرێنەری كۆمەڵەی كوردی ئەمریكی له كۆنگرێس بۆ گوتى: له میانەی دیدارو كۆبوونەوەكانم لەگەڵ سەرۆكی هەرێمی كوردستان و سەرۆك وەزیران و سەركردەكانی دیكەشدا، ئەو راستیەم لا بەرجەسته بووه، بەوەی نەتەوەی كورد خاوەنی دڵێكی مەزنن و پەرۆشیەكی له رادەبەدەریان بۆ ئازادی هەیەو خواست و متمانەیەكی زۆریان بەخۆیان هەیه بۆ ئەوەی خۆیان حكومڕانی وڵاتی خۆیان بكەن، لەمەش زیاتر گەلی كورد هەرگیز لەسەر شانۆی جیهان كاراكتەرێكی ناشرین و خراپ نەبووەو هەرگیز نەیوستووه گەلێكی دیكه سەركوت بكات یان خاكی نەتەوەیەكی دیكه داگیر بكات.

جیم هێك هەروەها گوتی: هێندەی من سەرنجمداوەو هەروەها سەردانی بەرهكانی شەڕم كردووه، ئەوهی من دەیبینم ئەوەیه كه تاكه هێزێك بتوانێت لەسەر زەوی شەڕی تیرۆریستانی داعش بكات هێزی پێشمەرگەیه، تاكه هێزێك كه ئیرادەی ئەوەی هەبێت لەبەرەی شەڕەكاندا رووبەڕووی ئەو تیرۆریستانه ببێتەوه تەنیا پێشمەرگەیه، بێگومان ئەو تیرۆریستانه دژی هەموو مرۆڤایەتین و ناكرێت جیهان رێگه بدات ئهم تیرۆریستانه بمێنن. كه له ئێستادا پێشمەرگه بەرپەرچیان دەدهنەوەو توانیویانه ڕێگری له بەرفراوان بوونیان بكەن به تایبهتی له ناوچه كوردیەكاندا.

شايانى باسه هێك لە درێژەی قسەكانیدا گوتی: له ماوەی ئەمساڵی شەڕ دژی تیرۆریستانی داعش، حكومەتی عێراق سەركەوتنێكی هێجگار كەمی بەدەست هێناوه، لەمەش خراپتر ئەو چەكانەی ئێستا بەدەست چەكدارانی داعشەوه دەیانبینن، لەو سوپایەی عێراق دەستیان كەوتووه، كه بڕیار بوو ئەو سوپایەی عێراق ئەو دوژمنانەی وەك تیرۆریستانی داعش تێكبشكێنن، هەربۆیه كاتێك له سەركەوتنه گەورەكانی پێشمەرگەو له شكستی سوپای عێراق دهڕوانم، دەگەمه ئەو قەناعەتەی تاكه ئومێدێك هەمان بێت لهم جیهانه و لهم بەشەی جیهاندا ئەوەیه ئهم هێزه قارهمانەی پێشمهرگه به تهواوهتی پڕچەك بكرێت، هەفتەی رابردوو له سەردانێكمدا بۆ بنكەیەكی سەربازی كه هەم پێشمەرگەو هەم سوپای عێراقی تێدا بوو.

لە كۆتایی قسەكانیدا جیم گوتی: جێگەی سەرسامیه بۆ من كه هێشتا كورد درێژەیان بەو شەڕه داوه، لەبەر ئەوەی وەك ئەوەی بەڵێندراوه لەلایەن حكومەتی عێراقەوه داهاتیان بۆ دابین نەكراوەو پێنەدانی ئەو بەشه داهاتەی خۆیان لەلایەن حكومەتی عێراق دژواریەكی زۆری بۆ دروست كردوون، دژواری نەك تەنەا له بەدەستهێنانی ئەو چەكانەی پێویستیانه، بەڵكو بۆته هۆی ئەوه تەواوی ژێرخانی ئابووریەكەش پەكی بكەوێت له كوردستان، دەبینین چەندین پرۆژەی دروستكردنی ژێرخان ڕاگیراون، لەبەر ئەوەی خاوەن كارانی كوردو وەبەرهێنەره تایبەتیەكان كارەكانیان راوەستاندووه، بەهۆی نەهاتنی داهاتەوه، كه ئەمه هەم ئابووریەكەی پەكخستووەو هەم مەترسی لەسەر هێزی پێشمەرگەش دروست كردووه كه له بەرەكانی شەڕدان، چونكه وەك پێویست چەكیان بۆ دابین نەكراوه بۆ تێكشكاندنی تیرۆریستان.



بۆ خوێندنەوەی ئەم بابەتە لە گۆڤاری گوڵان ژمارە(1034)
Top