واشنتۆن دەزانێت كوردستان دەیەوێت سەربەخۆیی رابگەیەنێت و لەناو كۆنگرێسیشدا پشتیوانییەكی گەورە بۆ ئەم پرسە هەیە
تۆزان بەهچلى هەروەها گوتی: ئیدارەی ئۆباما بۆ ماوەیەكی زۆر چاوپۆشی لە مالیكی كرد، دەرئەنجامەكەش بریتی بوو لەوەی بەشێكی زۆری دانیشتووانی سوننە متمانەیان بە حكومەتەكەی بەغدا لە دەست دا، ئەو حكومەتەی شیعەكان زاڵن بەسەریدا. لەوەش زیاتر، دەكرێت مشت و مڕی ئەوەش بكەین كە كشانەوەی خێرای ئۆباما لە عێراق ڕێگەی خۆش كرد بۆ ئەوەی داعش بێت و ئەو بۆشاییە پڕ بكاتەوە. ئەوەی پەیوەست بێت بە بواردان بە ئێران بۆ ئەوەی عێراق كۆنتڕۆڵ بكات، ئەوەی دەتوانین بە دڵنیاییەوە بیڵێین ئەوەیە كە ئێران كاریگەرییەكی گەورەی هەیە لە بەشە شیعەكەی عێراقدا، بەڵام نەك لە ناوچە سوننەنشینەكان، یان هەرێمی كوردستان.
شايانى باسه بەهچلى هەروەها گوتی: باوەڕم وانییە هەردوو حكومەتی توركیا و سعودیە بە ئاشكرا پشتیوانی داعش بكەن، بەڵام مەسەلەكە كەمتر ڕوونە بەلای منەوە لە پێوەندی بە هەڵوێستی سعودیە لە ئاست بەرەی ئەلنوسرەدا. بە دەگمەن پشتیوانییەك، یان هاوسۆزییەك بەدی دەكرێت بۆ هەڵوێستی توندڕەوانەی داعش، یان بەرەی ئەلنوسرە لە نێو ڕای گشتی توركیا، یان حكومەتی توركیادا. هەرچۆنێك بێت، ئەنقەرە بەهۆی پەرۆشییەوە بۆ ڕووخاندنی رژێمەكەی ئەسەد، چاوی داخستووە لە ئاست جیهادییە جۆراوجۆرەكاندا لەوەی لە ڕێی سنووری توركیاوە بچنە نێو خاكی سووریا. بە پێچەوانەی توركیا، هاوسۆزییەكی بەربڵاو هەیە لە سعودیە بۆ داعش، یان بەرەی نوسرە.
لە كۆتایی قسەكانیدا تۆزان گوتی: پشتیوانی ئێران بۆ شیعەكانی عێراق و رژێمی عەلەوی ئەسەد بۆتە هۆی قووڵبونەوەی دابەشبوونی شیعە و سوننە. هەرچۆنێك بێت، زۆرێك لە رژێمە عەرەبییەكان بە چەشنی رژێمی عەرەبستانی سعودیە و یەمەن و بەحرەین پتر خەتابارن بە قووڵكردنەوەی دابەشبوونی شیعە و سوننەكان لە ڕێی جیاكاری كردنەوە لە دژی كەمینەی شیعەی نیشتەجێی وڵاتەكانیان.
بۆ خوێندنەوەی ئەم بابەتە لە گۆڤاری گوڵان ژمارە(1034)
