ئومێد خۆشناو: چاوەڕوانی لیژنەی دەستوور و دانوستانی لایەنە سیاسییەكان دەكەین.. 23ـی حوزەیران دووبارە نابێتەوە
(ئومێد خۆشناو) سەرۆكی فڕاكسیۆنی پارتیی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمان، بۆ ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستان گوتی: "بابەتی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان هێندەی بابەتێكی یاساییە، دووهێندەیش بابەتێكی سیاسییە و پێویستی بە رێككەوتنی سیاسیی نێوان هێز و لایەنە سیاسییەكان هەیە، كە ئەو رێككەوتنەش دروست بوو دەتوانرێ لە پەرلەمانی كوردستانیش بەرگە یاساییەكە بە بەر ئەو رێككەوتەنەی نێوان لایەنە سیاسییەكاندا بكرێت، بێدەنگ بوونەكە لە چوارچێوەی ئەوەدایە كە چاوەڕوانی دانوستانی نێوان هێز و لایەنە سیاسییەكان دەكەین كە بگەنە ئەنجامێك تا لەلایەن پەرلەمانی كوردستانەوە بەیاسایی بكرێت".
(خۆشناو) گوتیشی: "بابەتی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان، بابەتێكی گرینگە كە پێوەندیی بە هەموو لایەكمانەوە هەیە و دەخوازێت لەگەڵ ئاستی قۆناخەكە و گۆڕانكارییەكانی ناوچەكە و كێشەكانی ئێمە لەگەڵ بەغدا و ئەو ئەگەرانەی پێویست دەكات لە هەرێمی كوردستان خۆی بۆ ئامادە بكەین، لەسەر مێزی گفتۆگۆ و بۆ تێگەییشتنی هاوبەش، هێز و لایەنە سیاسییەكانی كوردستان بگەنە شێوازێك لە رێككەوتن تا لە ئەنجامدا گەلی كوردستان سوودمەند بێت".
پێوەست بە كارەكانی لیژنەی دەستوور و دانوستانەكانی لایەنە سیاسییەكانیش، (ئومێد خۆشناو) گوتی: "لیژنەی دەستوور كارەكانی تا ئێستا زۆر بە باشی دەڕوات و نزیكەی 40 ماددە لە ماددەكانی دەستوور گفتوگۆیان لەسەر كراوە و ئامادەكاریی بۆ كراوە، بەڵام پێویستی بە كاتە و ئێستایش گفتوگۆ و كۆبوونەوەكانی لیژنەی دەستوور بەردەوامییان هەیە، واتا بۆ دەستوور پەرلەمانی كوردستان چاوەڕوانی ئەنجامەكانی لیژنەی دەستوور دەكات، بۆ بابەتی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستانیش چاوەڕوانی گفتوگۆ و دانوستانی نێوان هێز و لایەنە سیاسییەكان دەكەین كە زۆر بە گەرموگوڕی و بە چڕی لە نێوان لایەنەكان دەستی پێكردووە".
سەبارەت بە ئەگەری دووبارەبوونەوەی جارێكی دیكەی 23ـی حوزەیران، سەرۆكی فڕاكسیۆنی پارتیی دیموكراتی كوردستان ئاماژەی دا: "هەڵوێستمان بەر لە 23ـی حوزەیران و دوای ئەویش تەنیا ئەوە بوو ئێمە باوەڕی پتەومان بە بابەتی سازان و تەوافوق هەیە، پێویستیمان بە یەكڕیزیی نیشتمانی هەیە و هەر پەرچەكردارێكمان كردبێ لە چوارچێوەی ئەوەدا بووە، هەوڵیشمان داوە ئەو یەكڕیزییە نیشتمانییە بپارێزین كە سازانی حزبییە و هیوادارین هەموو هەنگاوەكان لەو چوارچێوەیەدا بنرێن و هەموو هەوڵەكانیش بە ئاراستەی پاراستنی ئەو تەوافوق و ئەو یەكڕیزییە نیشتمانیە بێت، هەروەها بڕوای تەواومان بەوە هەیە كە 23ـی حوزەیران دووبارە نابێتەوە، بەڵام لە هەر بابەتێكی لەو شێوەیەدا كە باس لە زۆرینە و كەمینە بكرێت، ئێمە دەگەڕێینەوە سەر ئەو قسەیەی كە پێشتر كردوومانە"
