لە رۆژانی عارەفە و جەژنداهاوڵاتیان تووشی قەیرانی بەنزین نابن
هەڤاڵ مایی، بەڕێوەبەری گشتیی لە وەزارەتی سامانە سرووشتییەكانی هەرێمی كوردستان لە لێدوانێكدا ئاماژەی بەوەدا" هەموو ئامادەسازییەكیان كردووە تا لەپشووەكانی جەژندا تووشی قەیرانی نەبوونی بەنزین نەبن".
هەڤاڵ مایی گوتی "عەمبارەكانمان پڕن لەبەنزین و هیچ گرفتێكی كەمیی بەنزیمان نەماوە، كارێكمان كردووە بۆ رۆژانی جەژنیش تووشی هیچ قەیرانێك نەبین".
ئەو رەتیشی كردەوە كە وەزارەتەكەیان بڕیاریدا بێت پاڵپشتی كڕینی بەنزین نەكات، تا بەسەر شۆفیراندا دابەشبكرێت و گوتی "تاوەکو ئێستا هیچ بڕیارێك لەو بارەیەوە نەدراوە".
بەڕێوەبەری گشتیی وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان باسی لەوەش كرد كە:" تاوەکو ئێستاش چوار گرێبەستیان بۆ كڕینی بەنزین هەیە، سێ گرێبەستیان لەگەڵ كۆمپانیای ناوخۆیین و ئەوی دیكەش لەگەڵ كۆمپانیایەكی توركییە".
هەر بە گوتەی هەڤاڵ مایی هەرێمی كوردستان رۆژانە پێویستی بە 6 ملیۆن لیتر بەنزین هەیە "سێ ملیۆن لیتر لە دەرەوە دەكڕین، سێ ملیۆنەکەی دیكەش لە ناوخۆدا بەرهەمدێت".
رووداو
