فازل میرانی: ناکرێ دەستوور رێزی بۆ بۆچوونی زۆرینەی خەڵک نەبێت
فازڵ میرانی، سکرتێری مەکتەبی سیاسی پارتی، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی ئەنادۆڵ، رایگەیاندووە، کە ”هەوڵی كەمكردنەوەی كورسی كۆتاكان لە پەرلەمان ئێمەی شۆك كردووە“ و ئاماژە بەوەدەکات، کە ئەو هەوڵە پاشەكشەیە لە دیموكراسی و ”قوربانیدان“ی ئەو نەتەوانە.
فازڵ میرانی پێیوایە بوونی تورکمان و کلدۆ ئاشوورییەکان لە هەرێمی کوردستان ”ئێمە لە دەرەوە جوانتر دەكات و دەبێتە بەڵگەیەك بۆ پشتڕاستكردنەوەی ئەوە بانگەشانەی دەیكەین بۆ پەرەپێدانی دیموكراسی“.
سکرتێری مەکتەبی سیاسی پارتی داوای ئەوەشدەکات، کە بەهۆی ئەوەی ئەو نەتەوانە ”باج و قوربانییان“ لە رێگەی ئەو وڵاتەداوە، ”پێمان باشە رێژەی کۆتاکان زیادبکرێ“.
فازڵ میرانی لەبارەی مشتومڕی دەستووری هەرێمی کوردستان و کردنی ئایینی ئیسلام بە یەکێک لە سەرچاوەکانی، باس لەوەدەکات، کە ”زیاتر لە 90 لەسەدای خەڵكی ئێمە مسوڵمانن و ناكرێت دەستوورێك لە وڵاتێكی زۆرینە مسوڵمان ڕێزی بۆ بنەماكانی سەرەكی بۆچوونی خەڵك نەبێت“
سکرتێری مەکتەبی سیاسی پارتی هەڵوێستی حزبەکەی لەوبارەیەوە دەخاتەڕوو و دەڵێت، ”لەگەڵ ئەوەداین كە ئیسلام یەكێك لە سەرچاوەكانی گرنگی دەستووری ئێمە بێت“.
باسنیوز
