بۆ یەكلاكردنەوەی پرسەكان پێویستیمان بە سازانی نیشتمانییە نەك سازانی حزبی

بۆ یەكلاكردنەوەی پرسەكان پێویستیمان بە سازانی نیشتمانییە نەك سازانی حزبی
لە بابەتێكی تایبەتدا بۆ گۆڤاری گوڵان غەفوور مەخموورى دەڵێ: هەر كێشەو پرسێكی سیاسی لە هەر كۆمەڵگەیەكدا كە دێنە پێشەوە بێ هۆكار نین، كۆمەڵێ هۆكاری سیاسی و كۆمەڵایەتی و ئابووری و هەندێ جاریش باكگراوندی مێژوویی رۆڵی خۆیان دەبینن لە سەرهەڵدانی ئەو كێشە و گرژییانە. ئەو كێشەو گرژییە ناوخۆییانەی كەوا ئەمڕۆ بەرۆكی كوردستانیان گرتۆتەوە، دەگەڕێنەوە بۆ كۆمەڵێ هۆكار، كە بە ڕای من بەشێكی زۆریان دەگەڕێنەوە بۆ ئەو ناعەدالەتییە سیاسی و كۆمەڵایەتییەی كە ئەمڕۆ لە كوردستان هەیه.


غەفوور مەخموورى هەروەها دەڵێ: لە كوردستان حزب كۆنتڕۆڵی هەموو شتێكی كردووە و بەسەر هەموو شتێكدا زاڵە و دەسەڵاتی بە سەر هەموو شتێكدا هەیە. وایلێهاتووە حزب كۆنتڕۆڵی هەموو كایەكانی ژیانی كردووە، ئەمەش وایكردووە دەزگا و دامەزراوەكانی وڵاتی ئێمە سیستماتیك نەبن و لە سەر بنەمای سیستەم بەڕێوە نەچن و، لەسەر بنەمای میزاجی شەخسی بەڕێوەبچن. ئەمانە هەموو وایانكردووە پەرلەمانی كوردستانیش كە سەرچاوەی یاسادانانی كوردستانە ببێتە دەزگایەك بۆ شەرعییەتدان بە بڕیارەكانی حزب، زۆربەی كێشەكان بۆ ئەو هۆكارانە دەگەڕێنەوە، ئێمە زانیمان كێشەكانمان چین.

شايانى باسه مەخموورى هەروەها دەڵێ: . پێویستە سەركردایەتی سیاسیی كوردستان بە چاوێكی یەكسان سەیری لایەنە سیاسییەكان بكات و هیچ لایەك پەراوێز نەخات، بۆ ئەمەش پێویستە نەكەوێتە ژێر كاریگەری هیچ لایەك و بەرژەوەندی نەتەوەیی و نیشتمانی رەچاوبكات. ئەگەر باس لە یەكڕیزی و یەكدەنگی دەكەین، تەنها شەش حەوت لایەن لە كوردستان نین، كۆمەڵێ لایەنی دیكەش هەن كە خاوەن دیرۆك و خەبات و بیروڕا و بۆچوونی خۆیانن و، بۆ ئەو میللەتە خەباتیان كردووە و ماندوو بوون، ناكرێ ئێستا پەراوێز بخرێن و گوێیان لێنەگیرێت، ئەوە ناعەدالەتی و لەبەرچاو نەگرتنی رۆڵی لایەنە سیاسییەكانە، پێوستە بۆ رێكخستنەوە و یەكخستنەوەی ناوەندی سیاسیی كوردستان گوێ لەوانیش بگیرێت.

لە درێژەی بابەتەكەیدا غەفوور دەڵێ: پێویستە دەستەواژەی حزبی بچووك و حزبی گەورە بخەینە لاوە و واقیعییانە مامەڵە لەگەڵ یەكدی بكەین. بە باوەڕی من گەورەیی و بچووكی حزبی سیاسی لە هەڵوێستیدایە، نەك لە قەبارەكەی. زۆر حزبی گەورە هەبوون، ئێستا هەر نەماون، هاوكات زۆر حزبی گەورە هەبوون ئێستا بچووك بوونەتەوە، لە هەمان كاتدا زۆر حزب هەبوون كە بچوك بوون، ئێستا گەورە بوون و رێبەرایەتی نەتەوەیەك دەكەن. مانەوەی لایەنێك لە دەرەوەی ئەو ئەنجوومەنە دەبێتە هۆی ئەوەی كەوا كێشە و گرژی دروست ببێتەوە، بۆیە پێویستە هەموومان یەكدی قبووڵ بكەین و بە گیانی برایەتی مامەڵە لەگەڵ یەكدی بكەین.

لە كۆتایی بابەتەكەیدا غەفوور دەڵێ: داوا لە برای بەڕێزم جەنابی كاك مەسعود بارزانی سەرۆكی كوردستان دەكەم، كەوا وەك هەمیشە خاوەن بڕیاری خۆی بێت بۆ یەكلاكردنەوەی كێشەكان و بە زووترین كات بڕیار لە سەر پێكهێنانی (ئەنجوومەنی سیاسی كوردستان) بدات و بە راوێژ لەگەڵ تەواوی لایەنەكان كارنامەیەكی نیشتمانی بۆ قۆناخی داهاتووی خەبات دابڕێژێت، ئەمەش دەبێتە سەرەتایەك بۆ خاوكردنەوەی گرژییەكان و چارەسەركردنی پرسە هەڵاواسراوەكان و گەیشتن بە سازانی نیشتمانی لە جیاتی سازانی حزبی.


بۆ خوێندنەوەی ئەم بابەتە لە گۆڤاری گوڵان ژمارە(1033)



Top