كورد پابەندترین نەتەوە بووە بە ئیسلامەوە

كورد پابەندترین نەتەوە بووە بە ئیسلامەوە
لە دیدارێكی تایبەتدا بۆ گۆڤاری گوڵان مامۆستا عوزێر حافز هەورامی پێشنوێژ و وتاربێژ و شارەزا لە بواری شەریعەتی ئیسلام بۆگوتى: شەڕی داعش كە بەسەر كوردستاندا سەپێندراوە، بەشێكە لەو پلان و نەخشە بۆ داڕێژراوانەی كە لە لایەن وڵاتانی ناوچەكە و ناحەزانی كورد و كوردستانەوە هەوڵی بۆ دەدرێت، دیاریشە كە كورد ئەم شەڕەی نەویستووە و هیچ كات بەو ئاواتیشەوە نەبووە شەڕێكی ئاوا یەخەی پێ بگرێت. دەبێ زۆر بە هۆشیارانە و هەستكردن بە لێپرسراویەتییەوە مامەڵە لەگەڵ ئەم دۆخەدا بكرێت. راستە وەك پێویست نەتوانراوە ڕووبەڕووی ببینەوە، چونكە شەڕەكە تایبەتە بە فكر و هزر و چۆنیەتی بیركردنەوە و تێگەیشتنە لە دەقەكانی (قورئان و حەدیس) لە هەمان كاتدا دەبێت رۆڵی زانایانی بەڕێزیش بەرز بنرخێنین، چونكە مێژوو شایەدی دەدات كە فكری زانایانی كورد، فكرێكی میانڕەوانە بووە و هەمیشە هەوڵیانداوە، گەلی كورد لە توندوتیژی و ڕق و كینە دوور بێ، ئەگەریش وتار و رۆڵی میانڕەوانەی زانایان نەبووایە، ئەوا بارودۆخی ئەمڕۆ بە جۆرێكی تری نەخوازراو دەكەوتەوه.


مامۆستا عوزێر هەروەها گوتی: لە كوردستاندا ئایین و نەتەوە و مەزهەبی جیا جیا هەن، بە درێژایی مێژوو ئەم نەتەوە و ئایین و مەزهەبانە لە كوردستاندا ژیاون، هیچ كاتێك نە دووبەرەكێ و نە كێشە لە نێوانیاندا رووی نەداوە، ئەمەش بۆ زۆر هۆكار دەگەڕێتەوە لەوانە:
تێگەیشتنی راستەقینەی گەلی كورد بۆ ئەو بنەما ئایینییانەی كە داوای لێبوردەیی و پێكەوەژیان و هاوكاری و برایەتی و دڵنەرمی و ئاشتییانەی مرۆڤەكان دەكەن، ئەمەش هاوكاتە لە تێگەیشتنی زانایانی كوردستان لە ئایینی پیرۆزی ئیسلام و گەیاندنی ئەم پەیامە بە جەماوەر، لە رێگەی وتار و بۆنە ئایینی و نەتەوەیی و مەجالیسەكانیانەوە.

شايانى باسه حافز هەورامى گوتی: كوردستانییان رۆحی برایەتی و پێكەوەژیان و هاوكارییان لە نێوان یەكتردا بە هەند وەرگرتووە، لە هەمان كاتدا هاوسەنگی و جوان حاڵیبوونی زانایانی پایەبەرزی كورد لە دەقەكانی قورئان و سوننەت و رەوشت و ئاكارە جوانەكانی باو و باپیرانمان هۆكارێكی تری ئەو برایەتی و تەباییەن لە نێو پێكهاتەكانی كوردستاندا، بۆیە ئومێدەوارم ئەم كەلتوور و مێژووە بپارێزین، بە هیچ شێوەیەك بواری دووبەرەكی و توندوتیژی فیكری نەدەین لە پێناو پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاكانی گەلەكەماندا.

لە درێژەی قسەكانیدا هەورامى هەروەها گوتی: دەستوور مانای بوونی نەتەوە و وڵات و گیانێكی سیاسی دەبەخشێت، دیارە پێكهاتە جیاجیاكانی كوردستان هۆكارێكن بۆ تۆكمەیی و گشتگیری دەستووری كوردستان، چونكە دەستوور بۆ كورد نییە، تەنیا بۆ موسڵمانانیش نییە، بەڵكو بۆ دانیشتووانی كوردستانه.


بۆ خوێندنەوەی ئەم بابەتە لە گۆڤاری گوڵان ژمارە(1033)
Top