له ‌هێرشەکەی ئه‌م ئێواره‌یشەدا داعش شكا و، 10 ته‌رمیشیان لێ بەجێ ما

 	 له ‌هێرشەکەی ئه‌م ئێواره‌یشەدا داعش شكا و، 10 ته‌رمیشیان لێ بەجێ ما
فەرماندەی میحوەری شنگال دەڵێ، ئەم ئێوارەیە لە شنگالدا تیرۆریستانی داعش لە چەند قۆڵێکەوە ھێرشیان هێنایە سەر ھێزی پێشمەرگە، بەڵام تێک شکان و زیاتر لە ٢٥ تیرۆریستیان لێ کوژرا؛ لەو بیستە، تەرمی دە کوژراویان لێ کەوتووه‌تە دەست ھێزی پێشمەرگە.

دیسان تیرۆریستانی داعش له ‌میحوه‌ری شنگالدا ده‌ستیان کردە به‌ جموجۆڵێكی له‌رزۆک؛ ‌ئه‌مڕۆ‌ ئه‌مه‌ سێیه‌م جارە هێرش بێننە سه‌ر باره‌گاكانی هێزی پێشمه‌رگه‌، به‌ڵام ‌له ‌هه‌رسێ هێرشەکەدا تێک شکان؛ بە تایبەت له‌ ئاخر هێرشدا، پێشمه‌رگه‌ گورزێكی گورچكبڕیان لێ وه‌شاندن و، ڕاویان نانەوە.
سه‌باره‌ت به‌م شه‌ڕه. (ھاشم سیتەیی) ‌ فەرماندەی میحوەری شنگال بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ئەم ئێوارەیە تیرۆریستانی داعش لە سێ قۆڵەوە لە شنگال ھێرشیان کردە سەر ھێزی پێشمەرگە؛ سەرەتا بە چوار ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژکراو و، ھەشت تیرۆریستی خۆکوژەوە ھێرشیان هێنا، بەڵام ھەر زوو ھێزی پێشمەرگە دوو ئۆتۆمبێلی تەقاندەوە و دووەکەی دیکەش پێش بگەنە پێشمەرگە تەقینەوە و زیانیان نەبوو."
(ھاشم سیتەیی) گوتیشی: "شەڕەکە دوو سه‌عات زیاتریشی خایاند و، لە ئاکامدا ٢٥ تیرۆریستمان لێیان کوشت و، ڕاومان نانەوە؛ بە دەم ڕاکردنەوە تەرمی دە تیرۆریستیان لێ بەجێ ما."
جێی ئاماژه‌یه‌ ئه‌مڕۆ هەم سه‌رله‌به‌یانی و، هەمیش نیوەڕۆ، داعش هێرشی تریشیان هێنابوو به‌ڵام له‌گشتی شكان و له‌سه‌ر ده‌ستی پێشمه‌رگه‌دا شكستیان برد.
Top