ئەردەڵان نورەدین: شاندی هەرێم دەچێتە بەغدا و هی بەغداش دێتە هەرێم

ئەردەڵان نورەدین: شاندی هەرێم دەچێتە بەغدا و هی بەغداش دێتە هەرێم
دكتۆر ئەردەڵان نورەدین ئاشكرای دەكات بەغدا چاوپۆشی لە مەسەلەی سەربەخۆیی ئابووری هەرێم دەكات.

ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دكتۆر ئەردەڵان نورەدین لە لێدوانێكدا ئاشكرای كرد هەرێم و بەغداش نیازیان هەیە شاند بۆ لای یەكتر بنێرن بەمەبەستی گفتوگۆكردن لەسەر رێككەوتننامەی هەناردەكردنی نەوت و بوودجە بكەنەوە و بگەنە رێككەوتن.

گوتیشی: "ماوەیەك بەر لە ئێستا لە هەرێمی كوردستان بڕیاری ئەوە درا كە شاندێكی هەرێم سەردانی بەغدا بكات بۆ گفتوگۆ كردن لەسەر كێشەكانی نێوان هەردوولا بەتایبەت لەسەر دۆسیەی نەوت و بوودجە، لە بەغداش ئێمە زانیارییمان هەیە وەزارەتی نەوتی عێراق بەنیازن بە شاندێك سەردانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بكەن بۆ ئەوەی دووبارە بگەنەوە بە ئەنجامێكی دیكە كە باشتر بێت لەوەی پێشتر".

گوتیشی ئێستا بەهۆی كێشەكانی نێوان هەردوولا ساردییەك لە پەیوەندییەكان هەیە ئەوەش بەهۆی ئەوەی هەرێمی كوردستان لەسەرەتای ئەمساڵ نەیتوانی بڕی نەوتی دیاریكراو بەپێی یاسای بوودجەی عێراق هەناردەبكات، بەڵام دواتر توانی هەناردەی بكات و ئەوەی بۆی دانرابوو رەوانەی كرد، بەڵام دواتر بەغدا پابەند نەبوو و ئەوەش وایكردووە هەردوولا متمانەیان بەیەكتر و بە رێككەوتننامەكە نەمێنێت، هەر بۆیە ئەمە رێگەی خۆش كردووە بۆ ئەوەی بیر لە واژۆكردنی رێككەوتننامەیەكی نوێ بكرێتەوە".

ئەو پەرلەمانتارە بە روونیش گوتی: " هەرێمی كوردستان قەناعەتی وایە دەبێت رێككەوتننامەیەكی نوێ لەگەڵ بەغدا واژۆ بكات، بەتایبەت پاش ئەوەی ئەو بوودجەیەی عێراق بۆ هەرێمی كوردستانی رەوانەكرد لەبری نەوتی هەناردەكراوی نزیكەی نیوەی بەهای ئەو نەوتە بوو كە هەرێم ناردبووی، ئەمەش هەرێمی تووشی شۆك كرد".

دكتۆر ئەردەڵان نورەدین كە لەسەر پشكی پارتی دیموكراتی كوردستان ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقە لە درێژەی قسەكانیدا باسی لەوەكرد كە عێراق وەكو جاران دژایەتیی سەربەخۆیی ئابووری هەرێم ناكات و ئێستا "چاوپۆشی"یشی لێ دەكات، ئەگەر نا لەگەڵ ئەوەدایە هەرێم لە رووی ئابوورییەوە سەربەخۆ بێت و نەوتی خۆی بفرۆشێت، بەڵام بە قسەی ئەو لەبەر هاووڵاتییانی لە پارێزگاكانی دیكە ئەوە دەرنابڕیت بەتایبەت هاووڵاتییانی هەردوو پارێزگای بەسرا و میسان.

گوتیشی: "ئەوە پاڵنەرێكی باش دەبێت بۆ ئەوەی هەرێم بیقۆزێتەوە و كڕیار بۆ نەوتەكەی مسۆگەر بكات و ئەو پارەی پێویستە بەدەستی بهێنێت بۆ دابینكردنی پێویستییەكانی لەرێگەی فرۆشتنی نەوتەكەیەوە دەست بكەوێت".

نورەدین باسی لەوەشكرد كرد ئێستا هەرێم و بەغدا هیچیان بەتەواوەتی پابەندی رێككەوتننامەكە نیین، بەغدا بەشە بوودجەی پێویست نانێرێت و هەرێمیش ئێستا بڕە نەوتی هەناردەكراوی لەرێگەی سۆمۆوە كەمتر كردووە.

بە بۆچوونی ئەو هێشتا ئەو رێككەوتننامەیە بە هەڵوەشاوە دانانرێت.


























AA
Top