ئیتاڵیا لە پشتگیریی كردنی هەرێمی كوردستان بەردەوام دەبێت
لە دیدارێكدا بەڕێز كارنیلۆس خۆشحاڵیی خۆی بە سەردانی هەرێمی كوردستان و سەرسوڕمانی خۆیشی بە پێشكەوتنە بەرچاوەكانی هەرێم دەربڕی و دەستخۆشیی لە هێزەكانی پێشمەرگە كرد كە لە جیاتی هەموو جیهان شەڕی دژی تیرۆر دەكات و پشتگیریی وڵاتەكەشی بۆ هەرێمی كوردستان لە شەڕی دژی تیرۆرستانی داعش دووپات كردەوە.
جەختی لەوەش كردەوە كە لە هەوڵی بەردەوامدا دەبێت بۆ زیاتر پتەوكردنی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و ئیتاڵیا لە هەموو بوارەكاندا بە تایبەت لە بواری سەربازی و مرۆیی و ئابووریدا. هەروەها پشتگیریی خۆیشی بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا پیشاندا و ئامادەیی وڵاتەكەی بۆ هەر هاوكارییەك لەمبارەیەوە دەربڕی.
لای خۆیەوە بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان سوپاسی سەردانی باڵیۆزی ئیتاڵیای لە عێراق كرد و ئاماژەی بەوە دا كە شازانییە بۆ هەرێمی كوردستان لە جیاتی هەموو جیهان شەڕی دژی داعش بكات و باسی لە سەركەوتنە بەردەوامەكانی پێشمەرگە كرد لەو شەڕەدا و دووپاتی كردەوە كە ئێستا سەنگیی هێز لە شەڕی دژی تیرۆرستانی داعش لە بەرژوەندی پێشمەرگەیە و تیرۆرستان لە پاشەكشە دان.
سوپاسی حكوومەتی ئیتاڵیای كرد كە لەو وڵاتانە بوو لە سەرەتای هێرشی تیرۆرستانی داعش بۆ سەر هەرێمی كوردستان، هاوكاری هەرێمی كرد و سەردانی بەڕێز سەرۆك وەزیرانی ئیتاڵیاش لەو كاتەدا بۆ هەرێمی كوردستان باشترین پاڵپشتی ئەو وڵاتەبوو بۆ هەرێم. دەربارەی پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر وبەغداش، بەڕێزیان خواستی هەرێمی كوردستانی بۆ چارەسەركردنی كێشەكان لەگەڵ بەغدا بە ڕێگەی و گفتوگۆ و دیالۆگ دەربڕی.
باسكردنی بارودۆخی ناوچەكە بە شێوەیەكی گشتی و بە تایبەتی ڕەوشی هەرێمی كوردستان، لایەنێكی دیكەی دیدارەكە بوو.
