نێچیرڤان بارزانی: سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان تەنیا پرسی پارتی نییە
عەلی باپیر ئەمیری کۆمەڵی ئیسلامی، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی گوتی:" ئێمە گوێمان لەوان گرت و گفتوگۆمان کرد لەسەر کۆی گشتی پرسەکان، دواتر راوێژی خۆمان لەسەر ئەو پرسانە دەکەین و بە دڵنیاییەوە کۆبووەنەوەی دیکەیشی بەدوادادێت".
عەلی باپیر، بە ئاماژەدان بەوەی دەبێ تەرکیزمان لەسەر چارەسەری گرفت و کێشەکانی ئەم وڵاتە بێت گوتی:" سازانیش تاکە رێگای چارەسەرە بۆ گرفتەکان و بۆ هێنانە دی ئامانجەکان، ئێمە ئومێد دەکەین ئەو هەنگاوەی پارتی لە نزیکترین دەرفەتدا بمانگەیێنێتە چارەسەر بۆ ئەو پرسانە".
نێچیرڤان بارزانی جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، گوتی:" کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئێمە زۆر راشکاوانە بووە و قسەمان لەسەر پرسەکان کرد بە تایبەتی پرسی دەستوور و سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان".
بارزانی گوتیشی: " ئێمە پێمانوایە دەبێ لەم قۆناخەی ئێستا کێشەکان بە سازان و گفتوگۆ چارەسەریان بۆ بدۆزینەوە و لەوە زیاتر چارەسەرێک شک نابەین".
رووداو
