كورد حاڵی حازر خاوەنی دەوڵەتی ئەمری واقیعە و دەبێت ئەمە بگۆڕێت بۆ دەوڵەتێكی رەسمی و دانی پێدا بنرێت
برایان فلیپس هەروەها گوتی: مامەڵەكردن لەگەڵ داعشدا ئەمریكاش بە چەشنی وڵاتانی دیكە هەڵەی كردووە. ئەمریكا زۆر درەنگوەخت هاتەسەر خەت كاتێك داعش لە ساڵی 2014دا گەشەی كرد، لە ئێستاشدا ئەمریكا دەتوانێت كاری زیاتر ئەنجام بدات. لەبەر چەند هۆكارێكیش كاردانەوە و وەڵامدانەوەی ئەمریكا وەك پێویست نەبووە، لە نێویاندا شەكەتبوونی ناوخۆیی لە دووبارە تێوەگلان لە شەڕێكی دیكە لە عێراقدا، هەروەها ئەو مشتومڕەی لەگەڵ شەریكە نێودەوڵەتییەكاندا هەیەتی لەبارەی چۆنیەتی بەرەوپێشچوون لەو ڕووەوە. ئەمریكا بە هەزاران گورزی ئاسمانی لە دژی داعش ئەنجام داوە و توانیویەتی وڵاتانی دیكەش بهێنێتە سەر ئەو قەناعەتەی كە بەشداری لەو هەڵمەتەدا بكەن، بەڵام ئاشكرایە كە دەبێت كاری زیاتر ئەنجام بدرێت. ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەكگرتووەكان نەیتوانیوە بگاتە بڕیارێك سەبارەت بە سووریا، وڵاتانێك هەن هانی توندوتیژی لە نێوان شیعە و سوننە دەدەن، وڵاتانێك نەوت لە داعش دەكڕن، یان بواری پێ دەدەن بازرگانی بكات، كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش وەك پێویست ئاوڕ لە ناوچەكە ناداتەوە.
شايانى باسه فلیپس هەروەها گوتی: ڕوون نییە ئایا هێرشەكانی ئەم دواییەی داعش ئاماژەی بەهێزی، یان لاوازی ئەو ڕێكخراوەن. ئەگەر داعش هەوڵی ئەوە دەدات پتر سەرنجی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەلای خۆیدا ڕابكێشێت، ئەوا ڕەنگە سەركەوتوو بێت. داعش ڕایگەیاندووە كە دەیەوێت شەڕكەری بیانی زیاتر بێنێتە ریزەكانیەوە بۆ نێو شەڕەكە. ئەگەر لە ساڵێكی دیكەدا بوایە، ئەوا بۆی هەبوو داعش خێراتر ئەوەی بەدەست بهێنایە كە دەیویست. هەرچۆنێك بێت، لە ئەوروپا و شوێنەكانی دیكە، دۆخێكی ئابووری دژوار و خەرجییەكی سەربازی كەم و بایەخدانێكی كەمتر هەیە بە دەستێوەردانی دەرەكی. ڕەنگە بەهۆی ئەو هێرشە مەترسیدارانەوە داعش خەڵكانی زیاتر بێنێتە ریزەكانیەوە، بەڵام ڕوون نییە دەتوانێت چ شتێك بەدەست بێنێت. هەروەها ڕەنگە ببێتەهۆی ئەنجامدانی گورزی ئاسمانی زیاتر، بەڵام گورزە ئاسمانییەكانیش بە تەنها بۆ تێكشكاندنی ئەم گرووپە بەس نین.
لە كۆتایی قسەكانیدا برایان گوتی: هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دژ بە داعش بە دەست چەند تەحەددییەكەوە گرفتارە. زۆرێك لە وڵاتانی ناوچەكە چوونەتە نێو هاوپەیمانێتی ئاڵۆز و پڕ لە دژیەكییەوە. پێدەچێت هەندێ لە وڵاتان ئیستیغلالی داعشیان كردبێت لە ڕوانگەی ئەوەی «دوژمنی دوژمنەكەم دۆستمە». هەر وڵاتێك پشتیوانی داعش بكات، یان چاوپۆشی لێبكات لە مەودای دووردا لەو بڕیارەی خۆی پەشیمان دەبێتەوە. لەبەر ئەوەی ئەم گرووپە مەترسیدارە و جێی باوەڕپێكردن نییە و لە مەودای دووردا تەنها تیرۆریزمی زیاتر و كاولكاری زیاتر بەرهەم دەهێنێت.
بۆ خوێندنەوەی ئەم بابەتە لە گۆڤاری گوڵان ژمارە(1033)
