كاتی ئەوە نییە پشت لە سازان بكەین

كاتی ئەوە نییە پشت لە سازان بكەین
لە دیدارێكی تایبەتدا بۆ گۆڤاری گوڵان فازڵ میرانی سكرتێری مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ گوتى: پەیامی جەنابی سەرۆكی هەرێمی كوردستان روون و ئاشكرایە. بەر لەوەی بزانین هەڵوێستی بەڕێزیان چی دەبێت، هەر بۆیە ئەگەر نییەت باش بێت، ئەوا زۆر بە ئاسانی دەتوانین ئەم بارودۆخە هەتا هەڵبژاردنی داهاتووی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان پێكەوە رابگرین، تا ئەو كاتەش پشتیوان بە خوا، كوردستان لە ئاسایش و سەقامگیری دابێت و دەبینە خاوەنی دەستووری خۆمان و هەمووشمان ملكەچی ئەو دەستوورە دەبین، پەرلەمانی كوردستانیش ناتوانێت هیچ یاسایەك، یان بڕیارێك بەدەر لە چوارچێوەی ئەو دەستوورە دەربكات. هەر بۆیە ئەگەر بە راستی نیازپاكی هەبێت، ئەوا دەبێت بزانین سەرۆكێك كە ماوەی ساڵێكە هاوشانی پێشمەرگە لە بەرەكانی شەڕە لە دژی تیرۆریستانی داعش و لەناو چادر و كابینە دەخەوێت و تائێستاش لە كۆی 1280 شەهید، نزیكەی 738 شەهید لە حزبەكەی پێشكەش كردووە و باقیەكەشی لە برایانی یەكێتی نیشتمانی كوردستان و سۆسیالیست و....، سەرۆكێك كە لەسەر ئاستی جیهان پێگەو شكۆیەكی دیاری بۆ ئەم هەرێمە دروست كردووە، ناكرێت نادیدە بگیرێت، بۆیە لەم بارودۆخەدا كە پەرلەمانی كوردستان، ئەم پرسەی بەمجۆرە ورووژاندووە، پێویستە بە شێوەیەكی ئەقڵانیتر بیری لێبكرێتەوە، دەبێت هەموو لایەك بزانن ئەم پرسە وا ئاسان نییە.


فازڵ میرانى هەروەها گوتی: ئەولەوییەتی سیاسەت و ستراتیژیەتی پارتی بۆ ئەو كات و ئێستاش پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری كوردستانە، بۆ ئەم ئامانجەش سازان و یەكهەڵوێستی و یەكڕیزیی لایەنە سیاسییەكان، هۆكاری سەرەكییە بۆ پاراستن و زامنكردنی ئاسایش و سەقامگیری كوردستان و پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری بۆ هاووڵاتیان و رووبەڕووبوونەوەی ئەو گرفتانەی هەیە، یان پێشهاتە تازەكان كە لە هەموویان گرنگتر، گرفتەكانی هەرێمی كوردستانە لەگەڵ حكومەتی عێراق، كە شەڕی داسەپاوی تیرۆریستانی داعش -یشی بەسەردا هات، ئەگەر نا بە پێی ئیستحقاقی هەڵبژاردن بێت لەسەر ئاستی عێراق، نە پۆستی سەرۆك كۆمار و نە پۆستی جێگری سەرۆكی پەرلەمان بەر كورد ناكەوێت، لە هەرێمی كوردستانیش هەر بەو جۆرەیە، ئەگەر سازان لەبەر چاو نەگرین و بەپێی ئیستحقاقی هەڵبژاردن سەیری بكەین، دیسان بارودۆخەكە بە هەمان شێوەیە، بەڵام ئەو كات و ئێستاش و لە ئایندەشدا، پارتی دیموكراتی كوردستان بەرژەوەندیی گشتی خەڵكی كوردستان لە سەرووی پۆستی وەزیرێك، یان كورسیەكی پەرلەمانیەوە دادەنێت.

شايانى باسه میرانى هەروەها گوتی: پارتی دیموكراتی كوردستان لە تێڕوانینی دووربینانەی خۆیەوە بۆ ئەم قۆناخە هەستیار و چارەنووسسازە و روانینی بۆ ئایندەیەكی گەشتر، لەو نەرمی نواندنەی كە پێشتر نواندوویەتی و وەك ئێوە ئاماژەتان پێكردووە، پەشیمان نییە، لە ئایندەشدا لە نەرمی نواندن پەشیمان نابێتەوە، ئەمەش لەسەر ئەو پرەنسیپە هاتووە، كە پارتی بڕوای بە زمانی توندی و زۆری لەگەڵ هیچ لایەك لە كوردستان نییە. پارتی وای دەبینێت زمانی توند و زۆری لەگەڵ دوژمنانی كوردستان پێویستە بەكار بهێنیت و بە درێژایی مێژووش پارتی لە كەسی قبووڵ نەكردووە و قبووڵیشی ناكات. بێگومان لای هەموو لایەك ئاشكرایە لە دوای ساڵی 2003 ـەوە لە سەر ئاستی عێراق و هەرێمی كوردستان پرەنسیپی سازان (تەوافوق) رەچاوكراوە، تەنانەت بە دوو سێ هەفتەش بەر لە 23ی حوزەیرانی ئەمساڵ، لوتكەی پێكهاتەكان لە كۆبوونەوەیان لەگەڵ سەرۆكی هەرێمی كوردستان، بڕیاریان دابوو لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان هەر دوو پرسی سەرۆكایەتی هەرێم و دەستووری هەرێم سازانی لەسەر بكرێت.

لە درێژەی قسەكانیدا میرانى گوتی: سازان باشترین هەڵبژاردەمانە بۆ پێكەوە كاركردن و پاراستنی دەستكەوتەكانمان، هۆكاری سادە بۆ ئەمە ئەوەیە هیچ لایەكمان زۆرینەی رەهای نییە، قەناعەتی من بەو جۆرەیە هەتا ئەگەر لایەكمان زۆرینەی رەهاشی هەبێت، وا باشترە شەراكەت لەگەڵ لایەنەكانی دیكە بكات، چونكە ئەگەر خوانەكات یەكێك بیر لە شموولییەت بكاتەوە، پاشان ئەگەر ئەم برا و هاوبەشانە پارتییان بەجێهێشت، ئەوا خەڵكی دیكەش هەیە لەگەڵ پارتی راوەستاون، پارتی لەم قۆناخە هەستیار و ناسكەدا، نە ئەوان و نە ئەمانیش بە ئاسانی بەجێ ناهێڵێت، لەبەر ئەوەی بارودۆخی ناوچەكەمان و ئەو تەحەدییانەی رووبەڕووی هەرێم بوونەتەوە، زۆرن. وەك: كێشەكانمان لەگەڵ عێراق، تەنگژەی بودجە و مووچە و سووتەمەنی، قەیرانی شەڕی داعش و مەترسیی درێژخایەنی ئەم شەڕە، دەستێوەردانی ئەم لاو ئەولا لە ناوچەكە و لە هەرێمیشدا، بۆیە بە دیدی من، ورووژاندنی ئەم پرسە لەم كاتەدا، واتە بارێكی قورسی دیكە دەخەینە سەر بارە گرانەكەی سەرشانی هەرێمی كوردستان.

فازڵ میرانى لە كۆتایی قسەكانیدا گوتی: پەیامی ئێمە بە راشكاوی ئەوەیە كە دیموكراتییەت تەنها زۆرینە و كەمینە نییە، هەروەك چۆن دیموكراتییەت تەنها هەڵبژاردن نییە، زۆرینە و كەمینە پرەنسیپێكی پەرلەمانی و حزبی باشە، بەڵام ناكرێت بە شێوەیەكی دڵخواهی (ئینتقائی) سەیر بكرێت، هەموو عێراق بە كوردستانیشەوە لەسەر بنەمای سازان (تەوافوق) بونیاد نراوەتەوە و بەڕێوەچووە، هێشتا كاتی ئەوە نەهاتووە لە بنەمای سازان پاشەكشە بكەین، بە هەر بیانوویەك ئەمە بكرێت، هەڵەیەكی مێژووییە و حیساباتێكی نادروستە، با هەموومان سەبر بكەین لە پێناوی بەدیهێنانی خەونە تاكەكەسی و حزبیەكان، دان بەخۆماندا بگرین، لەم بارودۆخەدا با هەموو توانا و وزەی خۆمان پێكەوە بەگەڕ بخەین بۆ ئەوەی هەرێمی كوردستان لەو كێشانە دەرباز بكەین كە لە ئێستا رووبەڕووی بۆتەوە و بریتین لە شەڕی داسەپاوی تیرۆریستانی داعش، گرفتەكانمان لەگەڵ عێراق، قەیرانی دارایی هەرێمی كوردستان و دەرەنجامەكان، خۆپاراستن لەو قەیرانانەی لە دەوروبەرمانن، ئێستا كاتی ئەوەیە هەموومان بیر لەم كێشانە بكەینەوە، گرنگە ئەوەشمان لەبیر نەچێت بە درێژایی مێژوو، خودی كورد هێندەی دوژمنەكانی زیانی لە خۆی داوە.



بۆ خوێندنەوەی ئەم بابەتە لە گۆڤاری گوڵان ژمارە(1033)
Top