دهستووری ههرێمى كوردستان، ئیسلامی نابێت
لەسەرەتای لێدوانەكەی ئەندامی لیژنەی ئامادەكردنی پرۆژە دەستووری هەرێمی كوردستان، دانا دارا حسێن، گوتی: "تا ئێستا دیباجەی دەستوورەكە و 27 ماددەمان پەسەند كردووە، جگەلەوەی لە ماددەی پێگەی ئایین دوو بڕگەی ماوە، ئەویش لە گفتوگۆداین بۆ ئەوەی پەسەندی بكەین".
گوتیشی: "چووینەناو دەروازەی ماف و ئازادیەكان، باوەڕم وایە تا پێش جەژنی رەمەزان، ماف و ئازادی و مافەكانی مەدەنی و سیاسی لە دەستووری هەرێمی كوردستاندا تەواو دەكەین".
ئەو ئەندامەی لیژنەی ئامادەكاری پرۆژە دەستووری هەرێمی كوردستان، باسی لەوەشكرد تا ئێستا بیست سەعات لەسەر پرسی ئایین لیژنەكە گقتوگۆ و دانیشتنیان كردووە.
دانا گوتیشی: "لەسەر دەستەواژەكان لە سەر پرسی ئایین لەنێوان ئەنداماندا بۆچوونی جیاوازەمان هەیە تا ئێستا لە پێنج بڕگە سێیان جێگیركراون، دوانیان ماوە، ئەویش پەنا بەخوا لەم رۆژانە دەگەینە ئەنجام".
هەر سەبارەت بە پێگەی ئایین لە پرۆژە دەستووری داهاتووی هەرێمی كوردستان، دانا دارا دەڵێت "پرسی ئایین ناكرێت تێكەڵ بە پرسی سیاسی بكرێت، ئایینی زۆرینە كە ئیسلامە لە هەرێمی كوردستان دەبێت رێزی لێ بگیرێت، دەبێت لەگەڵ سەرچاوەی تر ببێتە یاسا دانان، هەروەها ماف و ئازادی تەواوی ئایینەكانی تریش لەبەرچاو بگێردرێت".
لە ئێستادا بەشێك لە رۆشنبیران و ناوەندی سێكولار لە هەرێمی كوردستان، ناڕەزایی دەردەبڕن و دەیانەوێت دەستووی هەرێمی كوردستان، دەستوورێكی مەدەنی بێت، بۆ ئەو ئامانجە لە سلێمانی و هەولێر لە هەوڵی كۆكردنەوەی پەنجا هەزار واژۆن لە ژێر ناوی "بەڵێ بۆ دەستوورێكی مەدەنی لە هەرێمی كوردستان".
دانا دارا دەڵێت: "ئەو رەوتە ناڕەزاییانە نوێنەرایەتیان لە لیژنەی ئامادەكردنی دەستووری هەرێمی كوردستاندا نییە بەڵام ترسی ئەو چین و توێژەمان لەبەرچاوگرتووە، دەزانین ئەوان چیان دەوێت، لەماددەی سەربەخۆیدا وتوومانە ئەم دەستوورە ماف و ئازادی هەموو كەسێك لەبەرچاو دەگرێت، نابێت كەس ماف و ئازادیەكانی ئینسان ببەزێنێت".
ئەو ئەندامەی لیژنەی ئامادەكار و نووسینەوەی پرۆژە دەستووری هەرێمی هەرێمی كوردستان، كەوەك نوێنەری كۆمەڵی ئیسلامی بەشدارە، گوتیشی: "تائێستا باسی شەریعەتی ئیسلاممان نەكردووە، حەزیش دەكەم هەموو خەڵكی كوردستان و دونیا بزانێت، ئەم دەستوورە ئەوەی كەپەسەند كراوە، دەستوورێكی مەدەنی دیموكراتییە".
دانا دارا ئەوەشی گوت: "وەكو كەسێكی ئیسلامی رادەگەیەنێم دەستووری هەرێمی كوردستان، دەستوورێكی ئیسلامی نییە با خۆمان و خەڵكیش نەخەڵەتێنین، بەپێی ماددەی یەك لەدەستووردا هەرێمی كوردستان، دەوڵەت و سیستەمێكی مەدەنی دەبێت".
بڕیارە سبەی دووشەممە لیژنەی ئامادەكاری پرۆژە دەستووری هەرێم لە پەرلەمانی كوردستان، دانیشتنی ئاسایی خۆیان ئەنجام بدەن.
ئەندامێكی تر لە لیژنە دەستووریەكەی هەرێم ڤالا فەرید گوتی: "رەنگە ئەم هەفتەیە پرسی پێگەی ئایین لە دەستووری هەرێمی كوردستان یەكلای ببێتەوە".
AA
