نێچیرڤان بارزانی و نەوشیروان مستەفا: کۆبوونەوەیەکی زۆر باشمان کرد

 نێچیرڤان بارزانی و نەوشیروان مستەفا: کۆبوونەوەیەکی زۆر باشمان کرد
لە دوای کۆبوونەوەی شاندی پارتی دیموكراتی كوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان لەسەر پرسی دەستوور و سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان كە لە گردی زەرگەتەی شاری سلێمانی بەڕێوەچوو، هەریەک لە نەوشیروان مستەفا و نێچیرڤان بارزانی بۆ میدیاکان قسەیان کرد و کۆبوونەوەکەیان بە زۆر باش وەسفکرد.

لە كۆنگرە رۆژنامەڤانییەكەدا نەوشیروان مستەفا، رێكخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان گوتی " زۆر بەلامانەوە گرنگ بوو باری سەرنجی پارتی بزانین لەسەر ئەو كێشانەی لە هەرێمی كوردستان هەن بە كێشەی سەرۆكایەتیشیەوە، ئێمەش باری سەرنجی خۆمان پێ راگەیاندن، كۆبوونەوەكان بەردەوامییان دەبێت و ئومێدمان وایە بەهەموو لایەك بگەیەنە چارەسەرێكی هاوبەش كە كۆمەڵانی خەڵكی كوردستانیش پێی رازیبن".

لە بەرامبەریشدا نێچیرڤان بارزانی كە سەركردایەتی شاندی پارتی دەكر و هەر ئەمڕۆ سەردانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانیشیان كرد، رایگەیاند " ئەوەی گرنگە هەردوولامان هاوڕاین لەسەر ئەوەی كە دەبێت چارەسەرێك بدۆزینەوە بۆ ئەو كێشانەی لە هەرێمی كوردستان هەن، وەك دەستوور و سەرۆكایەتی و شتەكانی دیكە، دەبێت بە رێككەوتن و دانوستاندن و لێكتێگەیشتن ئەمانە بكرێن، ئێمە ئەو كۆبوونەوەیە بە كۆبوونەوەیەكی زۆرباش وەسفدەكەین، هەروەها بەردەوام دەبین بۆ گەیشتن بە ئەنجامێكی دڵخۆشكەر بۆ هەموو خەڵكی كوردستان".










رووداو
Top