دەزگای بارزانی پرسی کۆبانێ و ئاوارەکان دەباتە جنێڤ

دەزگای بارزانی پرسی کۆبانێ و ئاوارەکان دەباتە جنێڤ
شاندێکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی پرسی بارودۆخی مرۆیی لە کۆبانێی رۆژئاوای کوردستان و ئاوارە و پەنابەران لە هەرێمی کوردستان، دەباتە کۆنفرانسێکی نێودەوڵەتی.

موسا ئەحمەد، جێگری سەرۆکی دەزگای بارزانی بە سەرۆکایەتی شاندێکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بەشداریی کۆنفرانسی ساڵانەی کۆمیسیۆنی باڵای پەنابەرانی جیھانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکانی لە جنێڤ کرد.

بەپێی راگەیەندراوێکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، کە وێنەیەکی بۆ باسنیوز نێردراوە، شاندی دەزگاکە پرسی ”بارودۆخ و گوزەرانی ئاوارەکان و رەوشی پەنابەران و مەسەلەی کۆمەڵکوژی ئێزیدییەکانیان“ گەیاندووەتە ئامدەبووانی ئەم کۆنفڕانسە.

شاندی دەزگای خێرخوازیی بارزانی گلەییان لە رێکخراوەکان کردووە، بەوەی دوای رزگارکردنی ناوچەکان، ”ھیچ رێکخراوێکی نێودەوڵەتی ئامادەنییە بێنە ناوچەکە و هاوکاریی پەنابەر و ئاوارەکان بکەن“.

هەر لە کۆنفراسەکەدا، شاندی رێکخراوە کوردییەکە ئاماژەی بە بێدەنگیی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە ئاست بارودۆخی مرۆیی لە شاری کۆبانێی رۆژئاوای کوردستان کردووە.

لە سەرەتای ئەم مانگە، کۆنفرانسی ساڵانەی کۆمیسیۆنی باڵای پەنابەرانی جیهانیی لە شاری جنێڤ لە سویسرا، بە بەشداریی 270 رێکخراو و دەزگا دەستی بەکارەکانی کرد و ماوەی 3 رۆژ بەردەوامبوو.
Top