کۆتاکان لە هەوڵی کەمکردنەوەی کورسییەکانیان نیگەرانن
پەرلەمانتاری توركمان لە پەرلەمانی كوردستان ئایدن مەعروف لەو بارەوە گوتی: "ھەرچەندە تا ئێستا ئەو پرۆژەیە پێشكەشی پەرلەمان نەكراوە و تەنیا وەكو بیرۆكەیەك لە لایەن راوێژكاری یاسای سەرۆكی پەرلەمان خراوەتە ڕوو كە باسی گوڕانكاری لە سیستمی كۆتا دەكات. ئێمە ئەو كارە بە مەترسی دەزانین و ئەوش زیانی زۆری بە دوای خۆیدا دەھێنێت كە پەیوەندییەكانی كورد و توركمانەكان تێك بدات و ھەورەھا بنەمای دیموكراسی لە ھەرێمی كوردستان دەكەوێتەوە ژێر پرسیار و بە ھیچ شێوەیەك ئەوە قبووڵ ناكەین كە بە بێ گەڕانەوە بۆ ئێمەی خاوەن كۆتاكان ئەو سیستەمە قبووڵ بكرێت چونكە ئەمە مافی ئێمەیە و بەیاسا رێكخراوە".
ئایدن مەعروف گوتی: "كۆتا وەك نەتەوە رێكخراوە نەك وەك لایەنەكی سیاسی دەبێت ئەمە بە شێوەیەكی زۆر ژیرانە مامەڵەی لەگەڵدا بكرێت و ئەمە مافی شەرعی توركمانە. ھەروەھا بەبێ بەشداری توركمان و مەسیحی لە پەرلەمان ئەو پەرلەمانە نابێتە پەرلەمانی كوردستان و دیموكراسیەتی ئەم پەرلەمانە كەم دەبێت و پەیوەندییەكانی نێوان نەتەوەكان تێك دەچێت".
لە كۆتاییدا گوتی: "ئێمە لە گەڵ ئەوەین كە كۆتا لە سەر سیستمی نوێ و مۆدێرن دابنرێت بەڵام لە گەڵ ئەوە نین نییەت خراپی بە دیار بكەوێت و ژمارەی كورسییەكانی ئێمە كەم بكرێنەوە".
سكرتێری گشتی حزبی بێت نەهرێنی مەسیحی رۆمیو ھەكاری لەو بارەوە گوتی: "لەسەر ئەم پرسە ئێمە زۆر نیگەرانین ، تا ئێستا بە فەرمی نەچووەتە نێو پەرلەمان بەڵام ھەوڵ ھەیە لە لایەن چەند فراكسیۆنەكەوە كە كۆتاكان كەم بكرێنەوە یا نەھێلدرێن ئەمەش دژی دیموكراسییەتە لە ھەرێم ئێمە پێمان باشە ئەم ھەنگاوە نەهاوێژرێت چونكە ناكۆكییەكان لە نێوان پێكھاتەكان قوڵتر دەكات و پێكەوە ژیان دەخاتە مەترسییەوە".
لە وەڵامی ئەوی چ لایەنەك زیاتر ھەوڵی ئەو پرۆژەیە دەدا رۆمیۆ گوتی: "تا ئێستا بە فەرمی ھیچ لایەنەك دەست پێشخەری نەكردووە بەڵام بەپێی زانیارییەكانی ئێمە فراكسیونی گۆڕان ئەو بیرەی خستووتە ڕوو و ئێمە ھەڵویستمان دەبێت".
ئەمڕۆ لە سەر ئەم پرسە حزبەكانی توركمان و مەسیحی لە گەڵ رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی كۆ بوونەوە و ئەو پرسەیان تاوتۆی كردەوە و لە بەیاننامەیەكدا ئەنجوومەنی باڵای رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی لە كوردستان ئیدانەی ئەو بیرۆكەیان كردەوە.
AA
