بەلجیکا پوولێکی تایبەت بە کوردستان چاپدەکات

 بەلجیکا پوولێکی تایبەت بە کوردستان چاپدەکات
بەڕێوەبەرایەتی پۆستەی بەلجیکا داوایەکی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستانی بۆ دانانی ئاڵای کوردستان لەسەر پوولێکی تایبەت قبوڵکرد.

دلاوەر ئاژگەیی، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەلجیکا راگەیاند : پێشتر داوامان لە بەڕێوەبەرایەتی پۆستەی وڵاتی بەلجیکا کردبوو رەزامەندی بدات لەسەر دانانی ئاڵای کوردستان لەسەر پوولێکی تایبەت بە کوردستان، چونکە دەمانویست نامەکانمان بەشێوەی فەرمی بنێرین، بۆیە، ئێمە نموونەی دیزاینکراوی خۆمان بۆ ناردن، ئەوانیش رەزامەندیان لەسەر دەربڕی".

ئاژگەیی ئاماژەی بەوەش کرد كە ئێستا ئەم پوولە بەکاردەهێنن و چەندین نامەی فەرمیشمان بۆ چەند وڵاتێک پێناردووە و زۆر باشە.

لەبارەی گرنگی ئەم پوولەشەوە، ئاژگەیی گوتی" چاپكردنی‌ ئاڵای‌ كوردستان له‌سه‌ر پووله‌كانی‌ پۆسته‌كردن له‌ وڵاتێكی‌ ئه‌وروپی‌ وه‌كو به‌لجیكا، گرنگی‌ خۆی‌ هه‌یه بۆ‌ کوردستان، ئەم پوولە بۆ کاری فەرمی بەکاردەهێنرێت و لە سەرجەم وڵاتانیش کاری پێدەکرێت، ئێمەش لەڕێگەی ئەم پوولەوە نامەکانمان بەشێوەی فەرمی دەتوانین بنێرین لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵاتی بەلجیکا".

پوولەکان دوو جۆرن، یەکێکیان لە ناوخۆی وڵاتی بەلجیکا کاری پێدەکرێت و ئەوی دیکەشیان لە دەرەوەی بەلجیکا بەکاردەهێنرێت. نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەلجیکا ئاماژەی بەوەش کرد کە " تێچووی ئەم پوولە لەئەستۆی خۆمانە و خۆشمان بڕیاردەدەین کە چەند پوول چاپ بکەین".



























رووداو
Top