ئەمریكا لە كێشەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا كارێكی كەمی پێدەكرێت
ئەلەم پایند هەروەها گوتی: ئێران پشتیوانی بەشار ئەسەدی عەلەوی دەكات لە سووریا، ئێران پاڵپشتی حكومەتی شیعە دەكات لە عێراقداو ئێران پشتگیری حوسییەكان دەكات لە یەمەن، ئەمە ئێستا زۆر ڕوونەو ئەوان بە ڕاستەوخۆ، یان ناڕاستەوخۆ پێكدا دەدەن. كەواتە تاوەكو ئەم واقیعە نەگۆڕێت و تاوەكو سیاسەتی ئێران و سیاسەتی بەشار ئەسەد و سیاسەتی حكومەتی عێراق بەردەوام بێت، ئەوا سوننەكان خۆشحاڵ نابن و بە ڕاستەوخۆ بێت، یان ناڕاستەوخۆ پشتیوانی لەو گرووپانە دەكەن كە بەرهەڵستی ئەم رژێمانە دەكەن. واتە ئەو واقیعە ئەو دۆخەیە كە لە یەمەن و سووریا و عێراقدا هەیە، كەواتە واقیعەكە لە ماوەی سێ بۆ چوار ساڵی ڕابردوودا نەگۆڕاوە.
شايانى باسه پایند هەروەها گوتی: ئەمریكا دەتوانێت كارێكی كەم بكات، دەتوانێت هێرشی ئاسمانی بكات و تەنانەت ئەگەر هێزی زەمینیش بڵاو بكاتەوە، هێشتا ناتوانێت واقیعەكە بگۆڕێت. واقیعەكە ئەوەیە سوننەكان ڕازی نین، گەندەڵی لە حكومەتدا لە ئارادایەو بە ملیۆنەها هاووڵاتی ماڵ و حاڵی خۆیان جێهێشتووەو بوونەتە پەنابەر لە ئەردەن و توركیاو دەوڵەتە دراوسێكانی دیكە، زۆرینەی ئەو خەڵكانەی لە نەهامەتیدان، شیعە نین، بەڵكو سوننەن. كەواتە تاوەكو ئەم ناڕازیی بوونەی سوننەكان بەردەوام بێت، ئەوا پشتیوانی داعش دەكەن، ئەگەرچی لەگەڵیشیدا نەبن، چونكە پێیانوایە شەڕ لەگەڵ حكومەتی شیعەی عێراق و حكومەتی شیعەی عەلەوی لە سووریاو دەستڕۆیشتوویی ئێران لە ناوچەكەدا دەكات. كەواتە تاوەكو ئێران و ئەمریكا پشتیوانی حكومەتەكە بكەن، بەتایبەتی لە عێراقدا، كە لێرەدا بەرژەوەندی و دەستڕۆیشتویی ئێران و ئەمریكا هاوشێوەیە، بەڵام لە سووریادا جیاوازە. بۆیە تاوەكو داینامیكیەتی سوننەو شیعە بەردەوام بێت.
لە كۆتایی قسەكانیدا ئەلەم گوتی: دۆخی كورد جێی داخەوە، ئەوان لەو نێوەندەدا گرفتار بوون و لەلایەن حكومەتەكانی عێراق و سووریا و و ئێران و توركیاوە پشتیوانی ناكرێن، هەروەها كوردی عێراق و كوردی سووریا و كوردی توركیا و كوردی ئێران هەن كە بەسەر ئەم چوار وڵاتەدا دابەش بوون. لەبەر ئەوە هەر كەسێكی دیكە لە جێی كورد بووایە، خوازیاری خۆبەڕێوەبەری دەبێت، كە ئێستا لەم وڵاتانەدا ئەمە ڕوونادات. لە ڕاستیدا ئەمە تەنيا بەسەر كوردەكاندا جێبەجێ نابێت، بەڵكو فەلەستینیەكانیش بەم شێوەیە گرفتار بوون، كەواتە كەسانێك هەن كە بوونەتە قوربانی و كەس بایەخ بە كێشەی كوردو كێشەی فەلەستین نادات، پێمان خۆش بێت، یان نا، ئەمە بەرەو خراپتر دەچێت. بۆیە دەبێت ئەم خەڵكانە ڕێگەی خۆیان بدۆزنەوە لەو كێشەی ئاڵۆزەی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ڕووبەڕووی بوونەتەوە.
بۆ خوێندنەوەی ئەم بابەتە لە گۆڤاری گوڵان ژمارە(1032)
