سودان نوێنەرایەتی خۆی لە هەرێمی کوردستان کردەوە
ئەمڕۆ سێشەممە فەلاح مستەفا بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حكومهتی ههرێمی كوردستان پێشوازی کرد لە محهمهد عهمر موسا باڵیۆزی کۆماری سودان لە عێراق و وهفدێکی یاوەری کە ئامانج لە سەردانەکە ناساندنی باڵیۆز یاسین عهوهز ئیسماعیل وەک یەکەمین کونسوڵی گشتی ئەو وڵاتە لە هەرێمی کوردستان بوو.
دواتر باڵیۆز یاسین عهوهز ئیسماعیل وێنەیەک پەڕاوی متمانەی پێشکەش بە بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوە کرد و خۆشحاڵی خۆی دەربڕی بۆ دەستبەکاربوونی وەک کونسوڵی گشتی کۆماری سودان لە هەرێمی کوردستان و سڵاوی وەزیری دەرەوەی گەیاندە بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوە و رایگهیاند كه کاردەکەن لەسەر پەرەپێدان و پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان سودان لەگەڵ هەرێمی کوردستان لە بوارەکانی رۆشنبیری و ئابووری و بازرگانی و پەروەردەیی و وەبەرهێنان.
بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوە بە ناوی حکومەتی هەرێم بەخێرهاتنی وهفدی میوانی کرد و سڵاوی نارد بۆ وەزیری دەرەوەی سودان و پیرۆزبایی لە باڵیۆز یاسین عهوهز ئیسماعیل بەبۆنەی دەستبەکاربوونی كرد و پێشوازی لەم هەنگاوەی وڵاتی سودان کرد کە دەبێتە مایەی زیاتری پێشخستنی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا.
هاوكات ئامادەیی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە و دامەزراوەکانی تری حکومەتی هەرێمی دەربڕی بۆ سەرخستنی کارەکانی کونسوڵگەری گشتی کۆماری سودان.
لە تەوەرێکی تری کۆبوونەوەکەدا بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوە پوختەیەکی دەربارەی بارودۆخی ئەمڕۆ لە ڕووی سیاسی و سەربازی و ئابووری لە هەرێمی کوردستان و ناوچەکە و بەرەنگاربوونەوەی داعش و پێشوازی و هاوکاریکردنی ئاوارەکان و پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا کرد.
بەکردنەوەی نوێنەرایەتی وڵاتی سودان ئێستا 32 نوێنەرایەتی بیانی لە هەرێمی کوردستان هەیە.
xendan
