لایەنەکانی كورد لە خورماتوو دوامۆڵەتیان دایە هێزە شیعەكان

 لایەنەکانی كورد لە خورماتوو دوامۆڵەتیان دایە هێزە شیعەكان
پاش ئەوەی دوێنێ‌ لایەنی كوردی و هێزە شیعەكان لە سنووری خورماتوو كۆ بوونەوە، لە كۆبوونەوەكەدا لایەنه‌ كوردستانییەكان دوامۆڵەتیان داوەتە هێزە شیعەكان بۆ هێوركردنەوەی بارودۆخی ناوچەكە و، ئەگەر پابەندیشی نەبن ئەوا هەڵوێستیان دەبێت.


سەرچاوەیەكی نێو كۆبوونەوەكە كە نەیویست ناوی ئاشكرا بكرێت، رایگەیاند: "كۆبوونەوەكە تایبەت بووە بە دانانی سنوورێك بۆ هێزە چەكدارە شیعەكان كە ماوەیەكە دەستدرێژی دەكەنە سەر هاووڵاتیانی كورد و، لە كۆبوونەوەكەدا لایەنی كوردی ماوەی 15 رۆژی دیاری كردووە بۆ لایەنە شیعەكان، ئەگەر لەو ماوەیەدا هەنگاوی باش لەوبارەیەوە نەنێن و ئارامی نەگەرێتەوە ناوچەكە، ئەوا پێشمەرگە هەڵوێستی دەبێت."

سەرچاوەكە گوتیشی: "هەر لە كۆبوونەوەكەدا لایەنی كوردستانییەكان بڕیاریان داوە بە كشاندنەوەی هێزەكانی پێشمەرگە لە گوندی یەنگیجە و سەلام بۆ ناوچەكانی مەفرەقی نزیك گوندەكە و كارگەی چەو و لمەكان و، تەواوی چەك و تەقەمەنییەكانیشی گواستوونەتەوە كە پێشتر هێزەكانی پێشمەرگە ئەو ناوچەیان دەپاراست، ئەمه‌ش وەكو پەیامێك بۆ چەكدارە شیعەكان كە له‌مه‌ودوا دەبێت خۆیان ئەو ناوچانە بپارێزن. هەروەها لایەنی كوردی داوای كردووە لە ماوەی دیاریكراودا ده‌بێت ئەو داواكراوانە ڕادەستی داداگا بكرێن كە سنووریان بەزاندووە و دەستدرێژییان كردووەتەسەر هاووڵاتیانی كورد، بە تایبەت رفاندنی خاوەن كارگەیەكی بلۆك لە ناو كارگەكەی و ئەشكەنجەدانی، ئەگینا هێزەكانی پێشمەرگە لە هەردوو گوندی زەرگەوە تاوەكو گوندەكانی حلێوە و فرگەی سدیق كە ئەو ناوچانە داعش لێیانەوە نزیكن، دەكشێننەوە و، لە دەوروبەری حلێوە و سلێمان بەگ وەكو دواسنووری خورماتوو جێگیر دەكرێن و ئەو ناوچانە كە پانتاییەكی زۆرە و مەترسیدارە، بۆ هێزە شیعەكان بە جێ دەهێڵن."

كۆبوونەوەكەی لایەنی كوردی و هێزە شیعەكان لە دووزخورماتوو پاش چەند كۆبوونەوەیەكی رابردوو دێت كە لایەنی كوردی لە كۆبونەوەكانی دیكە داوای لە هێزە شیعەكان كرد دەستدرێژی و سوكایەتیكردن بۆ سەر هاووڵاتیانی كورد راگرن، بە پێچەوانەوە هەڵوێستیان دەبێت، بەڵام لەو ماوەیەدا چەكدارە شیعەكان چەند هاووڵاتییەكی كوردیان تیرۆر كرد و لە سوكایەتی و دەستدرێژییەكانیان بۆ سەر كوردانی ناوچەكە بەردەوام بوون.







KDP.info
Top