ڕونکردنەوەیەک لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی سەبارەت بە پشووی هاوینە
دەقی ڕاگەیاندنی وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوە زانستی
لە چەند ڕۆژی ڕابردودا لەلایەن بەشێکی زۆری فەرمانبەرانی وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی لە زانکۆکان، هەروەها لەلایەن چەند دەزگایەکی ڕاگەیاندن داوای ڕونکردنەوەمان لێدەکرێت، سەبارەت بەنەمانی پشوی هاوینە بۆ فەرمانبەرانی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، لەو چوارچێوەیەدا وەزارەتەکەمان بەباشی زانی ئەم ڕونکردنەوەیە بخاتەڕوو:
دوای ئەوەی هەرێمی کوردستان دوچاری ئەو دۆخە ناهەموارەی بواری سیاسی و ئابوری بوەوە، کە لەهەمویان دیارتر قەیرانی ئابوری و دواکەوتنی موچەی فەرمانبەرانە، لەو ڕوانگەیەوە فەرمانبەرانی وەزارەتەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان بەردەوام گلەیی و گازندەیان ئاڕاستەی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران دەکرد، کە بۆچی فەرمانبەرانی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە هاویندا پشوو وەردەگرن؟
بۆیە سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران بەنوسراوی ژمارە (٥٦٢٥) لەڕێکەوتی (٨/٩/٢٠١٤) داوای ڕونکردنەوەی لە وەزارەتەکەمان کرد و پرسیاری ئەوەیان کرد، کە ئایا پشت بەچ بنەمایەکی یاسایی دەبەسترێت بۆ پێدانی مۆڵەت بەفەرمانبەران لە مانگەکانی (تەمووز و ئاب)؟، لە وەڵامدا وەزارەتەکەمان بە نوسراوی ژمارە (٢٠٥٠٨) لە ڕێکەوتی (٢٦/١٠/٢٠١٤) وەڵامی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی دایەوە، کە بۆ پشوی مامۆستایان پشت بەمادەی (١٠) بڕگەی سێیەم لە یاسای ڕاژەی زانکۆی ژمارە (٢٣) لە ساڵی (٢٠٠٨) بەستراوە.
سەبارەت بەپشوی فەرمانبەران، ڕونمان کردەوە کە ئەوان پشوو وەرناگرن، بەڵکو بەشێوەی (تناوب) دەوام دەکەن، ئەوەش وەک عورفێکی ئیداری کە پیش دامەزراندنی وەزارەتەکەمان لە زانکۆکان پەیڕەو کراوە، بەهۆی ئەوەی لە ماوەی ئەو (٢) مانگەدا پشوی خوێندنی قوتابیان و خوێندکارانە لەسەرجەم زانکۆکان، لەهەمان کاتدا کاروباری کارگێڕیش کەمتر دەبێتەوە، بۆیە بەشێوەی (تناوب) بۆماوەی مانگێک مۆلەتیان پێدراوە.
بەڵام سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران بە نوسراوی ژمارە (٧٦٠٠) کە لە ڕێکەوتی (٢٦/١١/٢٠١٤) ئاڕاستەی وەزارەتەکەمانی کردوە، تێیدا ئەوەی ڕونکردۆتەوە کە ئەو جۆرە عورفە ئیدارییە پێچەوانەی یاسای ڕاژەی شارستانیە، کە فەرمانبەرانی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی هاوشێوەی فەرمانبەرانی وەزارەتەکانی دیکە بەیاسای ڕاژەی شارستانی فەرمانبەران مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت، واتا یاسای ڕاژەی زانکۆی تایبەتە بە مامۆستایانی ئەندامی دەستەی وانەوتنەوە، کە هەڵگری بڕوانامەی ماستەرو دکتۆران، لەسەر ئەو بنەمایە سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا کە نابێت ئەو پشووە بدرێت بەفەرمانبەرانی خوێندنی باڵا، لەو چوارچێوەشدا وەزارەتەکەمان بە نوسراوی ژمارە (١٢٦٨٦) لە ڕێکەوتی (٢٣/٦/٢٠١٥) گشتاندنی بەو نوسراوەی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران کرد.
سەبارەت بەپشوی هاوینەی مامۆستایان، لێرەدا بەپێویستی دەزانین مامۆستایان دڵنیابکەینەوە کە ئەو بڕیارە ئەندامانی دەستەی وانەوتنەوە ناگرێتەوە و پشوەکەیان هەڵنەوەشاوتەوە، بەڵکو بەپێی یاسای ڕاژەی زانکۆیی ژمارە (٢٣)ی ساڵی ٢٠٠٨ ماددەی (١) بڕگەی سێ، مامۆستایان هاوشێوەی ساڵەکانی دیکە ڕێگەیان پێدراوە کە لە مانگەکانی (٧ و٨) پشوو وەربگرن.
