وەزیری کشتوکاڵ دەستپێکردنی خەرجکردنی پڕۆژەکانی ھاندانی جووتیارانی بۆ ئەمساڵ راگەیاند

وەزیری کشتوکاڵ دەستپێکردنی خەرجکردنی پڕۆژەکانی ھاندانی جووتیارانی بۆ ئەمساڵ راگەیاند
دوای ھەوڵی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو و بەدواداچوونی وەزیری کشتوکاڵ بۆ بابەتی دابینکردنی بودجەی پڕۆژەکانی ھاندانی جووتیاران(الاعانات الزراعیە) بۆ ساڵی ٢٠١٥، توانرا ٥٠%ی بودجەی ساڵی٢٠١٣ لە وەزارەتی دارایی و ئابووری بۆ ئەم بابەتە دابین بکرێت.
ئەمڕۆ "عەبدولستار مەجید" وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو خەرجکردنی ئەم پڕۆژانەی راگەیاند کە سەرەتا لە پڕۆژەی کڕینەوە و پاککردنەوەی بنەتۆی گەنمی جووتیارانی پارێزگاکانی ھەرێمی کوردستان دەست پێدەکات.
"ئەنوەر عومەر" بەڕێوەبەری گشتی پلان و بەدواداچوون و وتەبێژی وەزارەت ئەمەی پشتڕاستکردەوە و رایگەیاند کە ئەمڕۆ وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو واژۆی لەسەر خەرجکردن و دابینکردنی بودجەی بۆ یەکەم پڕۆژە کڕینەوە و پاککردنەوەی بنەتۆی گەنمی جووتیاران کرد.
لەمبارەوە روونی کردەوە کە بڕی ٥ ملیار و ٥١٤ملیۆن دینار بۆ ھەر چوار پارێزگا و ئیدارەی گەرمیان تەرخانکراوە و وەزارەت بۆ کڕینەوەی ھەر تۆنێک گەنمی باوەڕپێکراو لە جووتیاران بڕی ٨٣١ھەزار دیناری تەرخانکردووە و دوای پاککردنەوە و لە دەرماندان و لە گونیەکردن دواتر بە پاڵپشتیی٥٠%ی کڕینەوە و تێچووی گشتی، جارێکی دیکە بەسەر جووتیاراندا دابەش دەکرێتەوە.

سەبارەت بە پارەی تەرخانکراو بۆ بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی کشتوکاڵی ھەر پارێزگایەکیش، وتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو رایگەیاند کە بۆ ھەولێر بڕی ١ملیار و ٩٠٠ ملیۆن دینار و بۆ سلێمانی ٢ملیار دینار و بۆ دھۆک ٤١٤ملیۆن دینار و بۆ ئیدارەی گەرمیانیش بڕی ١ملیار و ٢٠٠ملیۆن دینار تەرخانکراوە. ئەمەو بۆ رۆژانی دواتریش پڕۆژەکانی دیکە رادەگەیەنرێت.
Top