كاتێك سیستمی پارتایەتی لاواز بوو ئەو سەركردە پۆپۆلیستیانە دەردەكەون كە دیموكراتی لەناو دەبەن
سكۆت مەینوارینگ هەروەها گوتی: هاوپەیمانێتی و فرەحزبی لە زۆربەی وڵاتە دیموكراسییەكانی جیهاندا هەیە و حكومەتی هاوپەیمانێتی فرەحزبیان هەیە، بەدڵنیاییەوە ئەوە بە زەروورەت سازش و گفتوگۆ لەخۆ دەگرێت، بەڵام بۆی هەیە سازش و گفتوگۆ شتێكی باش بن، ئەگەرچی بۆی هەیە لایەنی خراپیشیان هەبێت، دەكرێت گفتوگۆكان تەنها سەفقەی سیاسی بن. لایەنە باشەكەی ئەوەیە ئەگەر تۆ ناچار بیت گفتوگۆ بكەیت و سازش بكەیت، ئەوا مەیلی دەنگە خۆسەپێنەكان كەم دەبێتەوە. ئەگەر لەو وڵاتانەی بەم دواییە بوونەتە دیموكراسی- هاوسەنگییەك بكەیت لە نێوان ئەوەی ئایا باشترە تاكە حزبێك حكومەت پێكبێنێت، یاخود چەند حزب بێت، ئەمە بەتایبەتی ڕاستە بۆ ئەو كۆمەڵگەیانەی لە ڕووی ئایینی، یان نەتەویی، یاخود ئیتنییەوە دابەش بوون. پێموایە لەم حاڵەتە كارێكی مەترسیدارە تەنها حزبێك حكومەت پێكبهێنێت، چونكە لەم جۆرە حكومەتەدا مەیلی فەرامۆشكردن و تەنانەت سەركوتكردنی كەمینەكان دروست دەبێت، ئەوەش رێگایەكە بۆ لە ناوبردنی دیموكراسی.
شايانى باسه مەینوارینگ گوتی: پارتی سیاسی هەن زۆرینە بەدەست دەهێنن لە هەڵبژاردنەكان، بەڵام پابەند نین بە بنەما دیموكراتییەكانەوە، ئەمە تایبەت نییە بەو بەشەی ئێوەوە، هەروەها ئەگەرچی من شارەزای میسر نیم، بەڵام هەموو ئەو زانیارییانەی من هەمە لەبارەی ئیخوان موسلمین ـەوە، وام لێدەكەن هاوڕابم لەگەڵ ئەوەدا كە ئێوە وتتان. بەدڵنیاییەوە لە بەشەكانی دیكەی جیهانیش نموونەی لەم شێوەیە هەیە، لە فەنزویلا پارتی حوكمڕان لە ساڵی 1999ـەوە لە دەسەڵاتدایە و هۆكار بووە بۆ داخوڕانی دیموكراسی، دەتوانم نموونەی دیكەشتان بدەمێ. دیموكراسی تەنها سیستمێك نییە بۆ هەڵبژاردنی ئازاد و دادپەروەرانە، بەڵكو ئەو سیستمەیە هاوشان بە دەستەبەركردنی مافەكان، مافی هەموو كەس، بۆ كەمینە و موعارەزەش مسۆگەر بكات. ڕوون نییە كە تۆ چی دەكەیت لە دۆخێكدا ئەگەر هاتوو پارتێك زۆرینەی بردەوە و دەسەڵاتی گرتەدەست و دواتر لە هەندێ حاڵەتدا بە شێوەیەكی دراماتیكی بكەوێتە وێرانكردنی دیموكراسی، چارەسەرێكی دیموكراتییانە بۆ ئەو كێشەیە بوونی نییە.
لە كۆتایی قسەكانیدا سكۆت گوتی: ئەگەر پارتە سیاسییەكان پابەندبن بە دیموكراسییەوە، ئەوا ململانێ شتێكی مەزنە- من ناڵێم بوونی ململانێی زیاتر بە زەوورەت بە مانای دەرئەنجامی باشتر دێت- بەڵام تاوەكو ئەو پارتە سیاسییانەی پابەندن بە دیموكراسییەوە، ململانێی زیاتر بكەن، ئەوا دەرئەنجامەكە بۆ دیموكراسی باشتر دەبێت. پرسیارەكە ئەوەیە چی ڕوودەدات ئەگەر هاتوو ململانێ لە نێوان پارتەكاندا ڕوویدا كە هەندێكیان پابەند نین بە دیموكراسیەوە. پارتە نادیموكراتەكان دەبنە هۆی ئەوەی كاراكتەرەكانی دیكەش كاردانەوەی نادیموكراتییانەیان هەبێت. كەواتە لێرەدا پرسیارەكە لە بنەڕەتدا پەیوەست نییە بە ململانێوە، بەڵكو پەیوەستە بە سروشتی پارتە سیاسییەكانەوە، بەوەی كە ئایا باوەڕیان بە دیموكراسی هەیە و توانای ئەوەیان هەیە بە شێوەیەكی كارا حوكمڕانی بكەن یان نا؟
بۆ خوێندنەوەی ئەم بابەتە لە گۆڤاری گوڵان ژمارە(1032)
