ئێران دژایەتیی دامەزراندنی کیانی کوردی لە سووریا دەکات
“محەممەد رەزا بیکدلی” باڵیۆزی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ئەنکەرە بە رۆژنامەی “زمان” و سایتی “دەیلی سەباح”ی تورکیای گوتووە، دامەزراندنی دەوڵەتی کوردی لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا مەترسی بۆ سەر ئاسایشی تورکیا دروست دەکات.
“محەممەدرەزا بیکدلی” ئەوەشی خستووەتە ڕوو، دامەزراندنی ئەو هەرێمە کوردییە زیانی زۆر گەورە و قەرەبوونەکراوە بە ئاسایشی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناڤین دەگەیەنێت.
ئەو لێپرسراوە ئێرانییە ئاشکراشی کردووە، لە سووریا هیچ پێویست ناکات دەوڵەتێکی دیکە دابمەزرێت و نابی دەوڵەتی بەشارئەسەدیش رێگە بدات کە دەوڵەت دروست ببێت.
باڵیۆزی حکوومەتی ئێران گوتوویەتی، لەپێناو پاراستنی یەکپارچەیی خاکی سووریا هەرچی لەدەستمان بێت دەیکەن و لەو بارەوە هەماهەنگی زیاتریشمان لەگەڵ تورکیا دەبێت.
ئەو بەرپرسە باسی لەوەش کردووە، دروست کردنی دەوڵەتی کوردی پیلانگێڕی وڵاتانی ڕۆژئاواییە بە دژی ئاسایسی ناوچەکە و دەوڵەتی تورکیا.
باسنيوز
