بازیانی: په‌رله‌مان هه‌ڵه‌ی كرد.. ھەندێک دەوڵەتی ئیقلیمی دەیانەوێت لە کوردستاندا ڕەمز و ھێما نەمێنێ

 بازیانی: په‌رله‌مان هه‌ڵه‌ی كرد.. ھەندێک دەوڵەتی ئیقلیمی دەیانەوێت لە کوردستاندا ڕەمز و ھێما نەمێنێ
(محەممەد بازیانی) ڕێکخەری گشتیی بزاڤی چاکسازی و گەشە لە ھەرێمی کوردستان ڕاگەیاند: "کۆبوونەوەکەی 23ـی حوزیران لە پەرلەمانی کوردستان و، پەراوێزخستنی لایەنێکی گرنگ و کاریگەری گۆڕەپانی سیاسەت، ناچێتە ئەقڵەوە، لەگەڵ ئەوەی ڕووی یاسایی ھەیە، بەڵام ئێمە لە کوردستاندا دەژین نەک ئەورووپا؛ یاسا و قانوون ھەموو شتێک نییە.''


دکتۆر (محەممەد بازیانی) ڕێکخەری گشتیی بزاڤی چاکسازی و گەشە لە ھەرێمی کوردستان بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "کۆبوونەوەکەی 23ـی حوزیران لە پەرلەمانی کوردستان و، پەراوێزخستنی لایەنێکی گرینگ و کاریگەری گۆڕەپانی سیاسەت، ناچێتە ئەقڵەوە، لەگەڵ ئەوەی ڕووی یاسایی ھەیە، بەڵام ئێمە لە کوردستاندا دەژین نەک ئەورووپا؛ یاسا و قانوون ھەموو شتێک نییە.''
(بازیانی) گوتیشی، حکوومەت و پەرلەمانێک بە سازان دروست بووبێت، چۆن چوار لایەن بەبێ سازان و، بەبێ پرسی لایەنی پێنجەم کە لە نیوەی کوردستاندا دەسەڵاتی ڕەھای ھەیە هەڵدەستن کارێکی وەها دەکەن و، ئەو لایەنە گەورە پەراوێز دەخەن! هیچ ناچێتەوە ئەقڵەوە. دەبێت کار بە سازان و تەوافوق بێت، لەمەولایش دەبێ ھەر وا ببێت؛ ئەگەرچی ئەوەی لە پەرلەماندا گوزەرا خوێندنەوەی یەکەم بوو بۆ پڕۆژەکانی سەرۆکایەتیی ھەرێم، بەڵام پارتیی دیموکراتی کوردستان بە گەلەکۆمە و پیلانێک لەقەڵەمی دەدات و، ڕازی نییە لە شێوەی کار (ئەدا)ی سەرۆکی پەرلەمان و گۆڕان."

ڕێکخەری گشتیی بزاڤی چاکسازی و گەشە لە ھەرێمی کوردستان ڕوونیشی کردەوە، بانگهێشتکردنی نوێنەرانی وڵاتان و، هاتنی کۆنسووڵی ئێران بۆ پەرلەمان، من بە دەستێوەردانێکی دەرەکیی دەزانم و ھەڵەیەکە پەرلەمان کردی و ئەم خویندنەوەیە ئەوەی ھەڵنەدەگرت ئەو کۆنسووڵانە ئامادەی بن و تەنها بەوە لێک دەدرێتەوە کە ئەم کارە بۆ ئەوە بووە لەبەر ئەو کۆنسووڵانە نەبێتە كێشه‌، کە ئەمەش کارێکی باش نەبوو ئەگەر بە حیکمەتەوە مامەڵە لەگەڵ ئەم پرسەدا نەکرابا ئەوا ئابڕووی پەرلەمان و کورد دەچوو."

ئەوەشی خستەڕوو، بە دیتی ئێمە سه‌رۆكی هه‌رێم لەلایەن خەڵکەوە ھەڵبژێردرێ باشترە، چونکە ئەو وەختە ڕەمزی یه‌كیه‌تی و یەکڕیزیی دەبێت؛ ئەوەتا ئەمه‌ریکا کە خۆی بە دایکی دیموکراتیەت دەزانێت و کۆنترۆڵی دنیای کردووە، سەرۆکایەتییە و ئەگەر سەرۆک لە پەرلەمان ھەڵبژێردرێ ئەو سام (ھەیبەت)ـەی نامێنێت، ھەروەھا تورکیایش ئەوەتا سەرۆک، خەڵک ھەڵی‌بژارد و دەوڵەتێکی سەرکەوتووە، ئێمە وا تێدەگەین ھەندێک دەوڵەتی ئیقلیمی دەیانەوێت لە کوردستاندا ڕەمز و ھێما نەمێنێ بۆ ئەوەی ئەوان بە ئارەزووی خۆیان تەراتێنی تێدا بکەن و سەرۆک وەک بەغدا هەر بۆ جوانی بێت (تەشریفاتی بێت) و، کوردستانیش وەک عێراق بێسەروبەر بێت، دەبێ سەرۆک، سەرۆکی ھەمووان بێت نەک پارت و حزبێک.
Top