به‌غدا كێشه بۆ فرۆشتنی نه‌وتی هه‌رێم دروست ده‌كات، ده‌بێت هه‌رێم هه‌موو رێگه یاساییه‌كان یه‌كلایی بكاته‌وه
ئه‌حمه‌د حاجی ره‌شید، بڕیارده‌ری لیژنه‌ی دارایی له ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق به خه‌ندانی راگه‌یاند: "به‌ته‌واوی مانا‌و پشتگیری له فرۆشتنی سه‌ربه‌خۆی نه‌وتی هه‌رێم ده‌كه‌م".
وتیشی: "به مه‌رجێك ئه‌م پڕۆسه‌یه به‌ته‌واوی مانا شه‌فافیه‌ت هه‌بێت سه‌رجه‌م ناوی كۆمپانیا پشك داره‌كان ئاشكرا بكرێت و رێژه‌ی پشكه‌كان و خاوه‌ندارێتی پشكه‌كان ئاشكرا بكرێن، هه‌روه‌ك سه‌رجه‌م داهاتی نه‌وت وبڕی هه‌نارده‌و ده‌رهێنان و نرخی نه‌وت بۆ په‌رله‌مان ئاشكرا بكرێن".
روونیشیكرده‌وه: سیاسه‌تی مالی له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی دارایه‌وه سه‌رپه‌رشتی بكرێت و ساڵانه ستراتیجیه‌تی بودجه دابڕێژرێت و له په‌رله‌ماندا ده‌نگی بۆ بدرێت بۆ پابه‌ندی حكومه‌ت به‌و ستراتیژه‌وه، هاوڵاتیانی هه‌رێمیش به‌شدار بكرێن له‌پشكی كۆمپانیاكان و نه‌هێڵرێت حیزبه‌كان قۆرخی پشكه‌كان بكه‌ن.
وتیشی: "بۆ ئه‌وه‌ی پڕۆسه‌كه سه‌ركه‌وتوو بێت ده‌بێت حكومه‌تی هه‌رێم ره‌چاوی ئه‌م خاڵانه‌ی خواره‌وه بكات:
1- فرۆشتنی نه‌وت به‌سه‌ربه‌خۆیی له‌لایه‌ن هه‌رێمه‌وه عیراق به‌هیچ شێوه‌یه‌ك قبووڵی ناكات، بۆیه په‌نا ده‌باته بۆ سكاڵای یاسایی ده‌بێت هه‌رێم ئه‌وه‌ی یه‌كلایی كردبێته‌وه كه له رووی یاسایه‌وه هه‌رێم سه‌ركه‌وتوو ده‌بێت و نابێت هیچ ئه‌گه‌رێك به‌جێبهێڵرێت و یه‌ك بۆشایی یاسایی دووچاری گرفتی گه‌وره‌مان ده‌كات.
2- خستنه‌بازاڕی بڕێك نه‌وتی زۆر له‌لایه‌ن حكومه‌تی هه‌رێمه‌وه مونافه‌سه‌و كێبڕكێهكی نرخی دروست ده‌بێت له‌گه‌ڵ عیراق و ده‌وڵه‌تانی كه‌نداو و ده‌وڵه‌تانی ئۆپێك و ده‌ره‌وه‌ی ئۆپێك، ده‌بێت هه‌رێم له‌ئاست ئه‌و ململانێیه‌دا بێت ئه‌گینا ئه‌وه‌ی بنیاد نراوه له‌ده‌ستی ده‌ده‌ین.
3- یه‌كڕیزی ماڵی كورد زه‌مانه‌تی سه‌ركه‌وتنی ئه‌م پرسهیهیه، چونكه یه‌ك درز له‌نێوان هێزه سیاسییه‌كان رێسهكه ده‌كاته‌وه به خوری.
4- فه‌راهه‌مكردنی كۆمپانیای كڕینی نه‌وت كه‌ده‌بێت دڵنیابین هه‌موو كۆمپانیایه‌ك بۆ قازانج هه‌وڵده‌دات نابێت كارێك بكرێت ئه‌و كۆمپانیانه پاشه‌كشه بكه‌ن.
5- نابێت له مونافه‌سه‌ی نرخدا كۆمپانیاكانی كڕینی نه‌وت ئیستغلالی بارودۆخی ناله‌باری هه‌رێم بكه‌ن كه‌به هه‌ڕاج نه‌وتیان پێبدرێت.
6- ده‌بێت هه‌رێم ئه‌وه بۆ هاوڵاتیان زامن بكات كه ده‌توانێت به‌شی بودجه‌و قه‌رزی كۆمپانیاكانی نه‌وت ده‌ربهێنێت و هه‌نارده‌ی بكات.
7- ده‌بێت هه‌رێم دڵنیابێت له‌وه‌ی ده‌توانێت سه‌رجه‌م پاره‌ی فرۆشراوی نه‌وت بگه‌ڕێنێته‌وه بۆ هه‌رێم وموجازهفه به‌م پرسه‌وه نه‌كات.
8- ده‌بێت هه‌رێم دڵنیابێت له دروست نه‌كردنی كێشه له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌ته ئهقلیمیهكانی تر و به‌تایبه‌ت هاوپه‌یمانه‌كانی عیراق.
9- سه‌رجه‌م كۆمپانیاكانی ده‌رهێنان وههناردهو فرۆشتن به‌زوترین كات یاسایان بۆ ده‌ربچوێنرێت.
خه‌ندان
