نێردەی تایبەتی سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا ستایشی ڕۆڵی پێشمەرگە دەكات

نێردەی تایبەتی سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا ستایشی ڕۆڵی پێشمەرگە دەكات
سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ 18/6/2015 بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان، پێشوزای لە جەنەڕاڵ تۆم بەككێت نێردەی تایبەتی بەڕێز سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا بۆ كاروباری ئاسایش لە هەرێمی كوردستان و شاندێكی یاوەری كرد كە بە مەبەستی خۆناساندن سەردانی بەرێز سەرۆك وەزیرانی كرد.

لە دیدارێكدا بەرێز بەككێت خۆشحاڵیی خۆی بە دیدار لەگەڵ بەرێز سەرۆك وەزیران دەربڕی و باسی لە دوا پێشهاتە ئەمنییەكانی ناوچەكە بە گشتی و بە تایبەتی ئاسایشی هەرێمی كوردستان و بەردەوامیی مەشق و ڕاهێنانی تیمە سەربازییەكانیان بە هێزی پێشمەرگە و زیادكردنی ئەو مەشق و ڕاهێنانە، كرد.

هەروەها دەستخۆشی لە پێشمەرگە كرد كە توانیویانە بوێرانە و چاونەترسانە ڕووبەڕووی دڕندەترین گرووپی تیرۆرستی لە جیهان ببنەوە و خەڵكی كوردستان بە هەموو نەتەوە و ئاینەكانیەوە و بێ جیاوازی لە ترسی تیرۆر بپارێزن، هەروەك لە ناوەندەكانی مەشق و ڕاهێنانیشدا بە شێوەیەكی زۆر باش هەموو ئەو مەشقانە بە باشی جێبەجێ دەكەن كە پێیان دەدرێت. باسی لە بارودۆخی ئەو ناوچانەی عێراقیش كرد كە لەژێر دەستی تیرۆرستانی داعشدان و هاوكاری و هەماهەنگیی نێوان هاوپەیمانان و عێراق و هەرێمی كوردستانی بۆ لەناوبردن و بنبڕكردنی ترسی تیرۆر بە پێویستییەك لەقەڵەم دا.

لای خۆیەوە بەڕێز سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان سوپاسی سەردانی نێردەی تایبەتی بەڕێز سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا بۆ كاروباری ئاسایش لە هەرێمی كوردستان كرد و هیوای سەركەوتنی بۆ خواست لە كارەكانیدا. هەروەها سوپاسی حكوومەتی بەریتانیای كرد كە هەر لە سەرەتای دروستبوونی هێرش و هەڕەشەی تیرۆر بۆ سەر هەرێمی كوردستان، پاڵپشت و هاوكاری هەرێم بوونە و هیوای بەردەوامی و زیاتركردنی مەشق و ڕاهێنان بە هێزەكانی پێشمەرگە لە ئێستا و قۆناغەكانی داهاتوودا خواست.

دواتر باسی لە ڕەوشی ناوچەكە لەڕووی ئاسایشەوە كرد و هیوای خواست ئەو هەماهەنگییە باشەی تا ئێستا لە نێوان هاوپەیمانان و هەرێمی كوردستاندا هەبووە بەردەوام بێت و زیاتر پەرەی پێ بدرێت كە هۆكارێكی سەرەكیی تێكشكاندنی تیرۆر و بەرگرتن لە مەترسیی و هەڕەشەكانیان بووە.
Top