دووزخورماتوو: حەوت تیرۆریستى داعش دەستگیر كران
بەرێوەبەری ئاسایشی دووزخورماتوو، كەماڵ عەبدوڵا بە ئاژانسی هەواڵی پەیامنێری ڕاگەیاند؛ دوای كۆكردنەوە زانیاری ورد لەسەر بوونی ژمارەیەك گومانلێكراو لە شارۆچكەكەدا، لە هەڵمەتێكی گەڕان و پشكنیندا وەك هێزەكانی ئاسایشی دووزخورماتوو حەوت تیرۆریستیان دەستگیر كرد كە پێنج كەسیان لەگەڵ هێزەكانی پێشمەرگە شەڕیان كردووە و چەندین كردەوەی تیرۆریستیان لە ناوچەكەدا ئەنجامداوە.
كەماڵ عەبدوڵا گوتیشی، ئەو تیرۆریستانەیان لە هەردوو گەڕەكی تین و عەسكەری دەستگیر كردووە كە لە ئێستادا ئەو دوو گەڕەكە لە ناوچەكە زۆرترین كردەوەی تیرۆریستی و رفاندنی هاوڵاتیان و تیرۆركردنی عەرەب و توركمانە سوننەكان ئەنجام دەدرێن.
رونیشیكردەوە، دەستگیركراوەكان پێنج كەسیان سەر بە ڕێكخراوی داعشن و دوو تیرۆریستەكەی تریش پەیوەندییان بەو پێنج داعشەوە كردووە و بەنیازبوون كردەوەی تیرۆریستی ئەنجام بدەن لە شارۆچكەكە.
ئەوەشی خستەروو، دەستگیركراوەكان دانیان بە تاوانەكانیاندا ناوە و ئاشكرایشیان كردوە كە لە دووزخورماتوو چەندین تاوانیان ئەنجامداوە.
