دادگای كۆریای باشوور: وه‌زاره‌تی سامانه‌ سرووشتییه‌كان بێتاوانه‌

 دادگای كۆریای باشوور: وه‌زاره‌تی سامانه‌ سرووشتییه‌كان بێتاوانه‌
لەبارەی ئەو تۆمەتانەی لە رۆژنامەی كۆریا تایمز درابوونە پاڵی، ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ دادگای كۆریای باشوور وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان به‌ بێتاوان ڕاگه‌یاند و، وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان خۆشحاڵە کە دواجار ئەم مەسەلەیە لە دادگاکانی کۆریای باشووردا بڕیاری لەسەر درا و ڕوون بووه‌وه‌ كه‌ .
پێشتر رۆژنامەی کۆریای تایمز زنجیرە وتارێکی چون سۆن ئۆک پەرلەمانتاری ئەو وڵاتەی بڵاو كردبوونەوە و تێیدا وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی حكوومەتی هەرێمی كوردستانی بە وەرگرتنی پارە لە کۆمپانیای نەوتی نیشتمانیی کۆریا (KNOC) تۆمەتبار کردبوو.

ئه‌مڕۆ چوارشەممەیش 17-6-2015، دادگای كۆریا بێتاوانی وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان و کۆمپانیای نەوتی نیشتمانیی کۆریای راگەیاند و، جەختی كردەوە كە دەبێت سەرجەم وتارەكانی كۆریا تایمز لابدرێن، چونكه‌ رۆژنامەکە هیچ بەڵگەیەکی پێویستی لەبەردەست نەبووە بیسەلمێنێت پارە بە حکوومەتی هەرێمی کوردستان دراوە.


ده‌قی راگەیەنراوی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان سەبارەت بە بڕیاری دادگای کۆریای باشوور دژی رۆژنامەی کۆریا تایمز

وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان رەچاوی ئەو بڕیارەی دادگای بەشی خۆرئاوای سیئۆل دەکات لە کۆریای باشوور کە وەڵامی کۆمپانیای نیشتمانی نەوتی کۆریا (KNOC)ی داوەتەوە و، ئەویش بە دەرکردنی فەرمانێکی دادوەری کە داوا لە رۆژنامەی کۆریا تایمز دەکات هەموو ئەو وتارە بڵاوکراوانەیان بسڕێتەوە کە پەیوندییان هەیە بەو بانگەشانەی کە پەرلەمانتارێکی کۆریا کردبوونی دەربارەی خراپبەکارهێنانی پارە لە لایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانەوە، هەروەها داوای لە رۆژنامەکە کردووە کە چی تر راپۆرتی لەو جۆرە لە داهاتوودا بڵاو نەکاتەوە. ئێستا هەموو راپۆرتەکان لە لایەن رۆژنامەی کۆریا تایمزەوە لابراون.

لە مانگی ئازاری 2015دا، کۆریا تایمز زنجیرەیەک بانگەشەی هەڵە و کینەداری بڵاو کردەوە کە لە لایەن (چون سون-ئوک)ی پەرلەمانتاری پارتی ئۆپۆزسیۆنی سەرەکیی کۆریاوە کرابوون سەبارەت بەو بڕەپارانەی کە بەپێی گرێبەست و بە شێوەیەکی شەرعی لە 2008دا لە لایەن کۆمپانیای (KNOC)ەوە درابوون وەک بەشێک لە گرێبەستی بەرهەمهێنانی هاوبەش بۆ گەڕان بە دوای نەوتدا لە بلۆکی بازیان لە هەرێمی کوردستان.

بە داخەوە، ئەم بانگەشانەی ناو راپۆرتەکانی کۆریا تایمز لە لایەن ژمارەیەک لە سیاسەتمەدار و دەزگاکانی راگەیاندنی کوردستانەوە بڵاو کرانەوە بەبێ لێکۆڵینەوە لە راستییەکان.

لەو فەرمانە دادوەریەدا کە لە 8/6/2015 دا دەریکردووە لەسەر داوای کۆمپانیای (KNOC)، (کە لە بڕیارە دادوەریەکەدا بە داواکار ناوبراوە) دژی کۆریا تایمز (کە بە داوا لەسەرکراو ناوبراوە)، دادگای کۆریا بڕیاری دا کە بانگەشەکانی پەرلەمانتارەکە "راست نین".

دادگا رایگەیاند: "هیچ هۆکارێک نییە وابکات لەم دادگایە بگاتە ئەو دەرەنجامەی کە ئەو پارەیەی دراوە بە حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەلایەن داواکارەوە بەرتیل بووە یان دراوە بە کەسە نزیکەکانی [سەرۆکی پێشوو] لی میونگ-باک."

هەروەها دادگا لە بڕیارەکەیدا دەڵێت کە "پادداشتێکی بنیاتنانی تواناکان" لەلایەن کۆمپانیای (KNOC)ەوە "بە گوێرەی گرێبەستەکان دراوە حکوومەتی هەرێمی کوردستان و زەمینەی پارەکە روون و ئاشکرایە".

دادگا رایگەیاند کە داوا لەسەرکراو "نەیتوانیوە هیچ کەرەستەیەکی باوەڕپێکراو پوختە بکات کە پشتگیری لە بانگەشەکەی بکات کە بەخشینی پارەکان بەپێی گرێبەستەکان بەرتیل بوون" یان دراون بە "کەسە نزیکەکانی میونگ-بانک".

هەروەها دادگا دەڵێت: "بەم پێیە، ئەم دادگایە پێی وایە کە بڵاوکردنەوەی راپۆرتەکان لەلایەن داوا لەسەرکراوەوە، کردارێکی زیانبەخشە بە پایەی داواکار و پێشێلکردنی مافە شەخسیەکانی داواکارە بەهۆی فاکتی هەڵەوە."

دادگا پاساوە هاودژەکانی کۆریا تایمزی رەت کردەوە "چونکە هیچ زەمینەیەکی شەرعییان نییە."

وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان خۆشحاڵە کە ئەم مەسەلەیە دواجار روون بووەوە و لە دادگاکانی کۆریای باشووردا بڕیاری لەسەر درا.
Top