ئاسایشی قەرەتەپەش دەڵێت : حەشدی شەعبی لە هەر شوێنێك بێ خەڵكی ناوچەكە دەترسێن، چونكە تاوانبار و بێتاوان وەكو یەكدی سەیردەكات

ئاسایشی قەرەتەپەش دەڵێت : حەشدی شەعبی لە هەر شوێنێك بێ خەڵكی ناوچەكە دەترسێن، چونكە تاوانبار و بێتاوان وەكو یەكدی سەیردەكات

وەزارەتی بەرگریی عێراق كوژرانی ئەمیرێكی سەر بە رێكخراوی داعشی لە شارەدێی قەرەتەپە راگەیاند، ئاسایشی قەرەتەپەش دەڵێت " ئەو كوژراوە هیچ پەیوەندییەكی لەگەڵ رێكخراوی داعش نەبووە".
وەزارەتی بەرگریی عێراق لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند " بە پشتبەستن بە زانیاری هەواڵگری ورد، هێزێكی ئەمنی سەر بە لیوای 20 ی زرێپۆش، فرقەی پێنجی پیادە لە گوندی سەعیداتی سەر بە شارەدێی قەرەتەپە، هەڵیانكوتاوەتە سەر چەكدارانی داعش و لە ئاكامدا ئەمیرێك بەناوی (سائیر شەوكەت ئیبراهیم عوبەیدی) لەگەڵ ژمارەیەك چەكداری دیكە كوژراون، سەرەڕای دەستگیركردنی دوو داواكراوی دیكە".

كەریم سەعید، بەڕێوەبەری ئاسایشی قەرەتەپە لەمبارەیەوە رايیگەیاند: سائیر شەوكەت ئیبراهیم پێشتر ناوی لەلایەن ئاسایشی قەرەتەپە هەبووە، لە ساڵانی 2007 ـ 2008 لەگەڵ رێكخراوی قاعیدە كاریكردووە، دواتر دەستگیركراوە و ماوەی ساڵێك زیندانیكراوه، پاشان ئازادكراوە".

سەعید هەروەها گوتی " ئەو هاووڵاتیە بەردەوام لەنێوان شاری كەركووك، كفری، كەلار، قەرەتەپەو ناوچەكانی دیكە هاتووچۆی كردووە و كەسیش نەیگوتووە ئەمە پەیوەندی بە رێكخراوی داعشەوە هەیە، بەڵام لە کاتی ئەنجامدانی هەڵمەتێكی گەڕان و پشكنین لە ناوچەكانی دەوروبەری شارەدێی قەرەتەپە لەلایەن چەكدارانی حەشدی شەعبی كوژراوە".

بەڕێوەبەری ئاسایشی قەرەتەپە ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد كە بەپێی زانیارییەكانی ئەوان كاتێك سائیر شەوكەت ئیبراهیم عوبەیدی كوژراوە، چەكی لەلا نەبووە. بە جەختكردنەوە گوتیشی " ئەمڕۆ حەشدی شەعبی لە هەر شوێنێك بێ خەڵكی ناوچەكە دەترسێن، چونكە تاوانبار و بێتاوان وەكو یەكدی سەیردەكات". شارەدێی قەرەتە دەكەوێتە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان و سەر بە پارێزگای دیالەیە.































رووداو
Top