پێشمەرگە لە ھەموو پێشینەکان دەبەخشرێن

پێشمەرگە لە ھەموو پێشینەکان دەبەخشرێن
وەزارەتی دارایی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بڕیار دەدات، ئەو پێشمەرگانەی لە شەڕدان، لە پێشینەکان، چ ھاوسەرگیری، یان خانووبەرە بێت، ببەخشرێن. سەرۆکی لیژنەی کاروباری پێشمەرگەی پەرلەمانی کوردستانیش دەڵێ: “ئەو بڕیارە بۆ پێشمەرگەی بندیوار و پاسەوانە حزبییەکان نییە”.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، وەزارەتی پێشمەرگە ھەموو میحوەرەکانی شەڕی ئاگادار کردووەتەوە، چ ئەوانەی لە بەرەکانی پێشەوەن، یان دواوە، ناوی ئەو پێشمەرگانەیان بۆ ڕەوانە بکەن کە پێشینەیان لە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان وەرگرتووە، پێشینەکە ھاوسەرگیری بێت، یان خانووبەرە، تاوەکو ناوەکانیان ڕەوانەی وەزارەتی دارایی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بکەن بۆ بەخشینیان لەو یارمەتییە داراییانە.

ئاری ھەرسین، سەرۆکی لیژنەی کاروباری پێشمەرگە لە پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، وەزیری دارایی لەگەڵ ئەم بڕیارەدایە، بەڵام پێویستی بە رێنمایی و کار بۆکردنە، بۆ ئەوەی بە سیستەم و بە شێوەیەکی دادپەروەرانە بەڕێوە بچێت و گوتی: “بڕیارەکە ھەموو ھێزی پێشمەرگە، یان پێشمەرگەیەک ناگرێتەوە کە بندیوار، یان پاسەوانی حزبێک، یان بەرپرسێک بێت، بەڵکو تەنیا بۆ ئەوانەیە کە ڕاستەوخۆ لە شەڕی داعشدان و لە میحوەرەکانی شەڕن، چ لە بەرەکانی پێشەوە بن، یاخود بەرەکانی دواوە”.

ھەرسین جەختی لەسەر ئەوەش کردەوە کە بڕیارەکە کاتییە و دوای شەڕی داعش پێشمەرگەش بە ھەمان شێوەی فەرمانبەری حکوومەت، دەبێت پێشینەکانی بداتەوە، بەڵام ئەوە ھاوکارییەکە بۆ ئەوەی لەم دۆخەی ئێستای شەڕدا باری شانی پێشمەرگە سووک بکات.

لای خۆیشیەوە بەھار عەبدولڕەحمان، بڕیاردەری لیژنەی کاروباری پێشمەرگە لە پەرلەمانی کوردستان جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە وەزارەتی دارایی و ئابووری ھەرێمی کوردستان مەبدەئییەن ڕەزامەندیی نیشان داوە، بە بەخشینی پێشمەرگە لە سەرجەم پێشینەکان. بۆ ئەو مەبەستەش داوای لە وەزارەتی پێشمەرگە کردووە، ناوی سەرجەم ئەو پێشمەرگانەی بۆ ڕەوانە بکات کە پێشینەکانیان وەرگرتووە و گوتی: “بڕیارەکە پێشینەی ھاوسەرگیری و خانووبەرەش دەگرێتەوە، ئەگەرچی بڕی پارەی وەرگیراوی ھەردووکیان جیاوازیی زۆریان ھەیە، بەڵام ئەمە بۆ ئەوەیە کە بتوانرێ لە باری داراییەوە کەمێک لە کێشەکانی پێشمەرگە کەم بکرێتەوە”.



































باس
Top